رووداو - تەندروستی
لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ هۆڵەکانی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکان، چەندین کەلوپەلی ژەنگاویی نەشتەرگەری لەگەڵ دەرمانی بێ ستیکەر (قاچاخ) لەنێو هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەیەک دەدۆزرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-8-2026 د. رەسووڵ عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوونی وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کەلوپەلی ژەنگاویی نەشتەرگەری لەگەڵ کۆمەڵێک دەرمانی بێ ستیکەر دۆزرانەوە، لەگەڵیشیدا چەندین سەرپێچیی ستانداردی هۆڵی نەشتەرگەریشی تێدا نەبوو.
د. رەسووڵ عەبدولخالق دەڵێت: لیژنەکانمان پشکنین بۆ هەموو نەخۆشخانە حکومی و تایبەتییەکان دەکەن و هەر شوێنێک سەرپێچی کردبێت، بە پێبژاردن و داخستن سزامان داون. ئەم نەخۆشخانەیەش بە داخستنی هۆڵەکانی نەشتەرگەری و پێبژاردن سزا دراوە.
لەبارەی ئەم سەرپێچیانەی وەزارەتی تەندروستی بڵاوی کردوونەتەوە، د. رەسووڵ دەڵێت ''ئەوە تەنیا نەخۆشخانەیەکە و چەندین نەخۆشخانەی دیکەشمان لەسەر ئەو پرسە سزا داون، بەتایبەت کە زۆرینەیان بەهۆی نۆژەننەکردنەوە هۆڵەکانی نەشتەرگەرییەوە بووە''.
جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم ساڵ زۆرینەی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکان نۆژەن کراونەتەوە، تاوەکو کواڵیتیی نەشتەرگەرییەکانی بەرز ببێتەوە. لە کۆتاییشدا داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، لەکاتی بینینی هەر پێشێلکارییەکی تەندروستی، پەیوەندی بە ژمارە 07508169991 یان 07714448100.
بەپێی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، هەر دەرمانێک بێ ستیکەر بوو، قاچاخە و بە مەرجەکانی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی دەرماندا تێنەپەڕیوە. ئەو ستیکەرەی لەسەر دەرمانەکان هەن دڵنیایی تەواوەتی دەدەن هاونیشتمانییان لە کواڵیتیی دەرمانەکە و ئەوەش دەکرێت لەڕێگەی ئەو ئامێرانەی نێو دەرمانخانەکان ساختە و رەسەنەکەی لێک جیابکرێنەوە.


