رووداو - تەندروستی
ئامێرێکی نوێی تیشکیی دەتوانێت بەکتریای زیانبەخش لەنێوببات بێ ئەوەی زیان بە بەکتریا سوودبەخشەکانی نێو دەم بگەیێنێت، بەمەش ئازار و هەکردنی پووک نامێنێت.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی زانستیی مەترۆپۆلیا لە فینلاند لەسەر زیاتر لە 200 نەخۆش ئەنجامدراوە، ئامێرێکی نوێ بە ناوی (Lumoral) تاقیکراوەتەوە کە پشت بە تیشک دەبەستێت، دەتوانێت بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر کێشەی پووک لە ماڵەوە چارەسەر بکات.
زانکۆکە دەریخستووە، بەشداربووان ئەو کەسانە بوون نەخۆشیی هەوکردنی پووکیان هەبووە، بەشداربووەکان دابەشکرابوون بەسەر دوو گرووپدا، گرووپێکیان تەنیا چارەسەری ئاسایی ددانیان وەرگرتووە، گرووپەکەی دیکەیان لەپاڵ چارەسەری ئاساییدا، رۆژانە ئامێری تیشکیی (Lumoral)یان لە ماڵەوە بەکارهێناوە دەرکەوت، ئەو کەسانەی ئامێرە تیشکییەکەیان بەکارهێناوە، بە رێژەیەکی زۆر بەرچاو (دوو ئەوەندەی گرووپەکەی دیکە) کێشەی خوێنبەربوون و باکتریای زیانبەخشی پووکیان کەم بووەتەوە.
ئەم ئامێرە چۆن کار دەکات؟
- مەڵهەمی تایبەتی ئامێرەکە: سەرەتا نەخۆش مەڵهەمی تایبەت لە دەمیدا بەکاردەهێنێت دەچێتە سەر پووک و بەکتریای زیانبەخش پێوەی دەنووسێت.
- تیشک لێدان: پاشان ئامێرە بچووکەکەی دەم تیشکی تایبەت دەردەدات، بۆ ماوەیەکی کورت دەخرێتە نێو دەمەوە.
- لابردنی بەکتریای خراپ واتە ئەو بەکتریایانەی دەبنە هۆی هەوکردن: تیشکەکە تەنیا ئەم بەکتریایانە دەکوژێت زیانبەخشن و دەبنە هۆی هەوکردنی پووک، بێ ئەوەی زیان بە بەکتریای سوودبەخشی دەم بگەیێنێت.
توێژەرانی زانکۆکە رێنوێنی دەدەن، تەنیا شوشتنی ئاسایی بە فڵچە بەس نییە بۆ پاراستنی تەواوی دەم و ددان ئەگەر کێشەی هەوکردنی پووکت هەیە. مانەوەی باکتریای زیانبەخش بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەبێتە هۆی لەدەستدانی ددان و تەنانەت کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر تەندروستیی دڵ و شەکرە.



