رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هیرۆساکی لە ژاپۆن دەریخستووە، خواردنی ڤیتامین C دەبێتە هۆی پاراستنی تەندروستیی مێشک لە پیریدا، ئەو کەسە بەتەمەنانەی ئاستی ڤیتامین C لە خوێنیاندا بەرزترە، پێکهاتەی مێشکیان تەندروستترە و پەیوەندییەکانی نێوان تۆڕەکانی مێشکیان بەهێزترە.
توێژینەوەکە پشتی بە داتای زیاتر لە 2 هەزار بەساڵاچووی سەروو تەمەن 64 ساڵی ژاپۆنی بەستووە و تێیدا وێنەی تیشکی MRI و نموونەی پلازمای خوێنیان شیکردووەتەوە،توێژەرانی زانکۆ ژاپۆنییەکە بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی ئاستی ڤیتامین C لە خوێنیاندا نزمتر بووە، مادەی خۆڵەمێشیی مێشکیان کەمتر بووە و پەیوەندییەکانی نێوان تۆڕێکی سەرەکیی مێشک کە بەرپرسە لە یادەوەری و سەرنج، لاوازتر بووە.
د. تۆمۆهیرۆ شینتاکو، یەکێک لە توێژەرانی توێژینەوە ژاپۆنییەکە دەڵێت: ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات کە رەنگە خۆراکێکی دەوڵەمەند بە ڤیتامین C رۆڵێکی پشتگیریکار لە پاراستنی تەندروستی و کەمکردنەوەی پووکانەوەی مێشک پەیوەست بە تەمەن لە بەساڵاچوواندا بگێڕێت."
د. تۆمۆهیرۆ شینتاکو ئاماژەی بەوەشکرد" توێژینەوەکە بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی دیکەی وەک تەمەن، ئاستی خوێندن و چالاکیی جەستەیی، ئەنجامدراوە و دەرکەوتوە پەیوەندییەکی بەردەوام لەنێوان نزمیی ئاستی ڤیتامین C و کەمیی ماددەی خۆڵەمێشی لە مێشکدا هەیە.
مادەی خۆڵەمێشی، بەشێکی سەرەکیی مێشکە و لە خانەی دەماری پێکدێت،ئەم بەشە وەک ناوەندی سەرەکیی بیرکردنەوە، یادەوەری، هەستەکان و کۆنترۆڵکردنی جووڵەی جەستە کار دەکات.
گرنگترین ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C تێدایە بریتین لە :پرتەقاڵ، لیمۆ، کیوی، بیبەری شیرین ،شیلک، برۆکلی و سپێناخ.



