رووداو - تەندروستی
لە توێژینەوەیەکدا توێژەران توانیویانە دەرمانێک بدۆزنەوە کە دەتوانێت ددانی سرووشتیی نوێ لە شوێنی ددانە کۆنەکان یان کەوتووەکان بڕوێنێتەوە.
لە ژاپۆن توێژینەوەیەک کراوە دەریخستووە، دەرمانێکی نوێ کار لەسەر بێکاریگەرکردنی ئەو پرۆتینە دەکات کە رێگری لە گەشەی ددان دەکات، بەمەش رێگە بە دروستبوونی ددانی نوێ و سرووشتی لە شەویلگەدا دەدات.
د. کاتسو تاکاهاشی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی دەم و شەویلگە کە سەرپەرشتیی توێژینەوەکەی زانکۆی کیۆتۆی کردووە دەڵێت: جەستەی مرۆڤ توانای دروستکردنی زنجیرەی سێیەمی ددانی هەیە، بەڵام پرۆتینێک لە جەستەدا بە ناوی (USAG-1) رێگری لە گەشەکردنی دەکات. دەرمانەکە بریتییە لە دژە-تەنێکی تایبەت (Anti-USAG-1 Antibody) لەلایەن کۆمپانیای تۆڕیگم بایۆفارم سەر بە زانکۆی کیۆتۆ پەرەی پێدراوە.
تاقیکردنەوەکان لەسەر ئاژەڵان بە سەرکەوتوویی تەواو بوون و ئێستاش تاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر مرۆڤ دەستیپێکردووە. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە، دەرمانەکە بگەیێنێتە نەخۆش تاوەکو ددانی سروشتی خۆیان بڕوێتەوە. سەرەتا بۆ ئەو منداڵانە بەکاری دەهێنین کە بەهۆی کێشەی بۆماوەییەوە ددانیان نییە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەش دەبێت کە بەهۆی رزینی ددان یان ددانیان کەوتووە.
پزیشکانی ددانی توێژینەوەکە و کۆمپانیایی جێبەجێکار، لە هەوڵی ئەوەدان تا ساڵی 2030 ئەم دەرمانە بەشێوەیەکی فەرمی بخەنە بازاڕەکانەوە و بکەوێتە خزمەتی نەخۆشخانەکان.

