رووداو-تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی کۆمەڵ رایدەگەیێنێت، لە شاری هەولێر لە ماوەی تەنیا 15 رۆژدا 30 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی سوورێژە تۆمار کراون و هۆشداری دەدات کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە هەیە.
بێریڤان عەدنان، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی کوتان لە هەولێر، رایگەیاند، "لە 15ی 7وە تاوەکو 1ی8، 30 حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی سوورێژە لە هەولێر تۆمار کراون، چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی تووشبووان زیاتر بن".
بێریڤان عەدنان ئاماژەی بەوەکرد، هەر کەسێکی هەڵگری ڤایرۆسی سوورێژە دەتوانێت 10 کەسی دیکە تووش بکات، بۆیە "مەترسییەکی یەکجار گەورە" لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هەیە.
سەبارەت بە رێکارەکان، بێریڤان عەدنان گوتی، تیمەکانیان سەرقاڵی بەدواداچوون و پشکنینن بۆ کەسە نزیکەکانی تووشبووان تاوەکو رێگە لە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە بگرن، هاوکات باسی لەوەش کرد کە بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، تیمەکانی کوتان وەک پێویست ناتوانن هەڵمەتەکانیان ئەنجام بدەن.
بێریڤان عەدنان داوا لە دایکان و باوکان دەکات منداڵەکانیان بکوتن و لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی کوتانەکە نەترسن، چونکە ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی لە رێگەی ڤایرۆسەکەوە تووشی منداڵەکان دەبن زۆر زیاتر و مەترسیدارترن.


