رووداو - تەندروستی
هاوینە و خەڵک گیرۆدەی گەرمایەکی زۆرە. ساڵ بە ساڵ گەرماکەی بە تینتر دەبێت و خۆفێنککردنەوە باشترین چارەسەرە کە خواردنی ئایسکرێم رێگەیەکە.
پزیشکانی فەرەنسا هۆشداری دەدەن، ئایسکرێمی دووکانەکان بڕێکی زۆر تام، رەنگ و شەکریان تێدایە، بۆ چارەسەری ئەمەش ئایسکرێمە دایتەکان و سرووشتییەکانیان داناوە.
د. لاورێنس دوڤیڤێر، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک دەڵێت: ''بەرهەمهێنەران دەیانەوێت زۆر بەتام بێت و تامی دەستکردی زۆری تێدەکەن، ماددە پارێزەرەکانیشیان تێدایە کە ماوەی مانەوەی بەرهەمەکە لەسەر رەفە درێژ دەکەنەوە''.
کریستیان، هاووڵاتییەکی فەرەنسییە و حەزی لە ئایسکرێمی سرووشتییە، هەر بۆیە دەڵێت ''سەرم دەسوڕمێت کە ئەو هەموو مادە زیادکراوە بۆ رەنگ و تامی ناسرووشتی ئایسکرێمەکان بەکاردەهێنرێن''.
بەپێی کۆمەڵەی خۆراک لە فەرەنسا، 40٪ـی ئایسکرێمەکان شەکر، تام و رەنگی دەستکردیان تێدایە، کە دەشێت ببنە هۆی؛ قەڵەوی، گرژەکۆڵۆن، تێکچوونی دەروون، زۆرخۆری، بەدهەرسی و شەکرە.
دواین رێنوێنیش ئەوەیە، ئایسکرێمی سرووشتی هەم تەندروستە و هەمیش فێنککەرەوەیە، بەڵام ناسرووشتی فێنککەرەوەیەکی وێرانکاری جەستەیە.

