رووداو - تەندروستی
مەحموودی 15 ساڵ، قاچی دەستکردیان بۆ دروستکردووە و ئەو نەوجەوانێکی غەززەیە و گولـلە بەر قاچێکی کەوتووە و ناچار، پزیشکان قاچیان بڕیوەتەوە.
مەحموود ئەبو نسەیر، پەککەوتەیەکی جەنگی غەززە دەڵێت: ''کاتێک پزیشکەکە هات و گوتی قاچم دەبڕێتەوە، دایک و باوکم رەتیانکردەوە و گوتیان ئەوە ژیانی ئەوە. چۆن بچێتە دەرەوە؟ چۆن تۆپی پێ بکات؟ یان چۆن بچێتە مەلەوانی و پیاسە؟ هەڵەیە قاچی ببڕدرێتەوە'. پزیشکەکان گوتیان هەوکردنەکە بۆ قاچەکەی دیکەشی بڵاو دەبێتەوە و رەنگە ئەویش ببڕدرێتەوە''.
لە سەنتەرەی گەڕانەوەی هیوا لە ئوردن 450 منداڵ هەیە کە پەلی دەستکریان بۆ دادەنرێت و ساڵی رابردوو ئەمریکا و ئوردن رێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنی دوو هەزار منداڵی غەززە.
عیماد رەیحان، پەککەوتەیەکی جەنگی غەززە دەڵێت، ''شەڕەکە زۆر دڕندانە بوو. منداڵان، بەساڵاچووان، گەنجان، خانمان، بەرد، مرۆڤ و دارەکان، هەموویان بەهۆی ئەم شەڕەوە زیانیان بەرکەوت''.
ریفاهـ مەحموود، بەڕێوەبەری تەکنیکیی کۆمەڵگەی گەڕانەوەی هیوا لە ئوردن گوتی: بەداخەوە، ئەو نەخۆشانەی دێنە ئێرە، بەتایبەتی منداڵان، زۆربەی کات نەهامەتیی زۆریان چەشتووە. بۆ نموونە، ئەندامێکی جەستەیان بڕاوەتەوە، چونکە لە غەززە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، بڕینەوەکە وەک رێکارێکی رزگارکردنی ژیان ئەنجام دەدرێت.
بەپێی تەندروستیی غەززە، لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە زیاتر لە شەش هەزار پەل بڕاونەتەوە کە 25٪ـیان منداڵ و 13٪ـیشیان خانم بوون. زۆرینەی پەلەبڕواوەکانیش قاچەکان بوون.


.png&w=3840&q=75)