رووداو - تەندروستی
دەستەی خۆراک و ستانداردی هیندستان پێشنیازی کردووە، شەکری زیادکراو لە جۆرەکانی سوکەرۆز و فرەکتۆز لە هەموو ئەو بەرهەمە خۆراکییانەدا قەدەخە بکرێت کە بۆ منداڵانی خوار تەمەنی شەش مانگ دروستدەکرێن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قەڵەویی منداڵان.
دەستەی خۆراک و ستانداردی هیندستان ئاماژە بەوەش دەکات، گەردەکانی لاکتۆز و گلوکۆز سەرچاوەی کاربۆهیدراتن لە بەرهەمە خۆراکییەکانی منداڵاندا، بەمەش رێگە بە زیادکردنی سوکەرۆز و فرەکتۆز دەدرێت کاتێک پێویست بکات، بە رەچاوکردنی سنوورە دیاریکراوەکان.
چالاکڤانان و بەرپرسانی دەستەی خۆراک و ستانداردی هیندستان ماوەیەکی زۆرە نیگەرانیی خۆیان لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی قەڵەوی، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا، دەربڕیوە. بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری پزیشکیی The Lancet بڵاوکراوەتەوە، هیندستان لە ساڵی 2021دا 180 ملیۆن کەسی پێگەیشتووی کێش زیاد یان قەڵەوی هەبووە، پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە تا ساڵی 2050 بگاتە 450 ملیۆن.
بەپێی ئەکادیمیای ئەمریکیی منداڵان رێگەکانی کەمکردنەوەی مەترسیی قەڵەویی منداڵان ئەمانەن؛
- سنووردارکردنی (شەکر، خۆراکە خێرا و ئامادەکراوەکان و کاتی شاشە).
- ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی.
- مانەوەی منداڵ لە ژینگەی خاوێن و ژینگەیەکی کەمگوشار.
- رێکخستنی ژەمی خۆراک و کاتی خەوتن.

.png&w=3840&q=75)

