رووداو دیجیتاڵ توێژینەوەیەکی نوێی زانستی دەریخستووە، مێشکی مرۆڤ لە دەوروبەری تەمەنی 50 ساڵیدا گۆڕانکارییەکی گەورە و لەناکاو لە پێکهاتەی خانەکانیدا بەخۆیەوە دەبینێت. ئەم گۆڕانکارییانە رەنگە سەرەتایەک بن بۆ لاوازبوونی مێشک و دروستبوونی نەخۆشییەکانی وەک زەهایمەر. توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری زانستیی (Science) بڵاوکراوەتەوە، پشکنینی بۆ نزیکەی 320 هەزار خانەی ناوچەی (هیپۆکامپەس)ـی مێشک کردووە کە بەرپرسە لە یادەوەری و فێربوون. نموونەکان لە 40 کەسی تەندروست وەرگیراون کە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 95 ساڵیدا بووە. گرنگترین دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە: جێگرتنەوەی خانەکانی بەرگری: لە نێوان تەمەنی 50 بۆ 75 ساڵیدا، خانە بنەڕەتییەکانی بەرگریی مێشک کە لە کاتی لەدایکبوونەوە هەن، لەلایەن جۆرە خانەیەکی خڕۆکە سپییەکانی خوێن جێگەیان دەگیرێتەوە بەناوی مۆنۆسایت. بەپێی توێژینەوەکە، تاوەکو تەمەنی 80 ساڵی، ئەم خانە نوێیانە بەتەواوی مێشک کۆنتڕۆڵ دەکەن. ئەم خانە نوێیانە هۆکاری سەرەکین بۆ زیادبوونی هەوکردنی مێشک لە کەسانی بەتەمەندا. قەیرانی وزە لە مێشکدا: ئەو خانانەی کە بەرپرسن لە پاڵپشتیکردن و خۆراکدان بە دەمارەخانەکان (ئەسترۆسایت)، بە تێپەڕبوونی تەمەن لە هیپۆکامپەسدا ژمارەیان کەمدەبێتەوە. ئەو خانانەشی دەمێننەوە تووشی "قەیرانی وزە" دەبن، چونکە توانای بەرهەمهێنانی وزەیان لاواز دەبێت. خاڵی وەرچەرخانی تەمەن: پیربوونی مێشک بە هێواشی و بەردەوامی روونادات، بەڵکو لە دەوروبەری تەمەنی 50 ساڵیدا چالاکیی جینەکان بە خێرایی و لەپڕ دەگۆڕێن. جیاوازیی رەگەزی: هەرچەندە شێوازی گشتیی پیربوون لە هەردوو رەگەزەکەدا لێکچووە، بەڵام گۆڕانکارییە گەردیلەییەکان لە پیاواندا زیاتر و خێراترن بەراورد بە ژنان. تێکچوونی پێکهاتەی دی ئێن ئەی: بە تێپەڕبوونی تەمەن، رێکخستنی سێ دووریی دی ئێن ئەی (DNA) لە نێو خانەکاندا هەڵدەوەشێتەوە، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر رێکخستنی چالاکیی جینەکان دەبێت. زانایانی زانکۆکانی کۆڵۆمبیا و کالیفۆرنیا ئامانجیان لەم توێژینەوەیە تێگەیشتنی زیاترە لەم قۆناخەی پیربوونی مێشک، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێگەچارەی پزیشکی بدۆزنەوە کە بتوانێت پارێزگاری لە تواناکانی مێشک بکات و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە دەمارییەکان کەم بکاتەوە.