رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، هەوڵ دەدەن گوشار لەسەر حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق دروستبکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی دەرگە بە دەرگەی نیشتمانیی کوتان تاوەکو هەمووان بە ئاسانی دەستیان بە ڤاکسین بگات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-10-2026 د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا کە دکتۆر نمە سەرهەنگ پێشكێشی دەکات، رایگەیاند: ڤاکسین ژیانی منداڵان لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان دەپارێزێت و پێویستە دڵنیایی لە خشتەی کوتانی منداڵان هەبێت.
د. دلۆڤان محەممەد دەڵێت: پەرۆشیی دایک و باوکان بۆ کوتانی منداڵەکانیان کەمتر بووەتەوە، ئەمەش مەترسیدارە بۆ سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییە بنبڕکراو یاخود کەمبووەوەکان بەتایبەت سوورێژە.
هۆکاری ئەوەی کە ئەم کەمبوونەوەی کوتانە زیادی کردووە ئەوەیە کە دایک و باوکان پابەند نین بە خشتەی کوتانی منداڵەکانیان و هەر ئەوەشە وایکردووە، منداڵەکانیان کاتێک تووشی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان دەبن، زیاتر مەترسیی بکەوێتە سەر ژیانیان و بەشێکیشیان وایان لێدێت کە لە نەخۆشخانە بخەوێندرێن.
لە ساڵی 2023ـەوە هەڵمەتی دەرگە بە دەرگە بۆ کوتان دژی سوورێژە و ئەنفلەوەنزا لە هەرێمی کوردستان نەکراوە. د. دلۆڤان محەممەد لەم بارەیەوە روونی کردەوە، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا نەکراوە و لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشەوە پشتگیریی ناکرێت، چونکە بودجەی رێکخراوەکان کەم بووەتەوە.
ئەوەشی باس کرد کە پڕۆپۆزەڵ و دەرخستە ئامادە کراوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی دەرگە بە دەرگە، بەڵام چاوەڕێی ئەوەن کە رێکخراوەکان بودجەی گونجاوی بۆ تەرخان بکەن و لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیی عێراقیشەوە جێبەجێ بکرێت، ''چونکە رەزامەندیی جێبەجێکردنیان و هاوکاریکردنی رێکخراوەکان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە دەبێت''.
خشتەی کوتانی نیشتمانی بۆ منداڵان بەم شێوەیەیە؛
دوای 24 کاژێر لە لەدایکبوون؛
- ڤاکسینی هەوکردنی ڤایرۆسی جۆری B
لە تەمەنی هەفتەی یەکەم؛
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵ [بە دەم]
- ڤاکسینی دژەسیل
لە تەمەنی دوو مانگ؛
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان [بە دەم]
- ڤاکسینی پێنجی HepB, Hib, DPT
- ڤاکسینی نیومۆکۆکاڵ
- ڤاکسینی دژەرۆتا ڤایرەس
لە تەمەنی چوار مانگ
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵ [بە دەم]
- ڤاکسینی پێنجی HepB, Hib, DPT
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵ [بە دەرزی]
- ڤاکسینی نیومۆکۆکاڵ
- ڤاکسینی دژەرۆتا ڤایرەس
لە تەمەنی شەش مانگ
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵ [بە دەم]
- ڤاکسینی پێنجی HepB, Hib, DPT
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵ [بە دەرزی]
- ڤاکسینی نیومۆکۆکاڵ
- ڤاکسینی دژەرۆتا ڤایرەس
لە تەمەنی نۆ مانگ
- ڤاکسینی سوورێژەی تاک
- ڤیتامین A بە یەکەی 100 هەزار
لە تەمەنی 12 مانگ
- ڤاکسینی سوورێژەی تێکەڵ
لە تەمەنی 18 مانگ
- ژەمی چالاککەری ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان [دەم]
- ژەمی چالاککەری ڤاکسینی سیانی
- ڤاکسینی سوورێژەی تێکەڵ
- ڤیتامین A بە یەکەی 200 هەزار
لە تەمەنی 4 تاوەکو 6 ساڵ
- ژەمی چالاککەری ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان [دەم]
- ژەمی چالاککەری ڤاکسینی سیانی
- ڤیتامین A بە یەکەی 200 هەزار


