رووداو - تەندروستی
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران رایدەگەیێنێت، ساڵانە نزیکەی 142 هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە وڵاتەکەدا تۆمار دەکرێن و دەڵێت: 40٪ـی شێرپەنجەکان خۆپارێزییان لێدەکرێت، واتە لە هەر 10 تووشبووی شێرپەنجە، چواریان دەتوانرا رێگرییان لێبکرێت و شێوازی ژیان، جگەرەکێشان، قەڵەوی و هۆکارە ژینگەییەکان رۆڵی نەرێنییان لەسەر هەیە.
د. عەلیڕەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر پرسی شێرپەنجە، ئاشکرای دەکات؛ "نزیکەی نیوەی تووشبووە نوێیەکانی شێرپەنجە لە وڵاتدا ژنن و رۆژانە نزیکەی 300 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەکرێن، هەروەها ساڵانە نزیکەی 98 هەزار کەس بەهۆی شێرپەنجەوە گیان لەدەستدەدەن''.
باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێو خانمان و پیاواندا
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران دەربارەی باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە وڵاتەکەدا گوتی "لەنێو ژناندا، شێرپەنجەی مەمک، رژێنی پەریزادە (غودە)، شێرپەنجەکانی کۆئەندامی هەرس، پێست و گەدە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەن. لەنێو پیاوانیشدا، شێرپەنجەی پڕۆستات، شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە، پێست و گەدە لە شێرپەنجە سەرەکییەکانن."
شێوازی ژیان و بۆماوە؛ دوو هۆکاری گرنگی تووشبوون بە شێرپەنجەن
د. عەلیڕەزا رەئیسی روونی دەکاتەوە، شێوازی ژیان و بۆماوەیی لە تووشبوون بە شێرپەنجەدا گرنگییەکی زۆریان هەیە، گوتی: شێوازی ژیان لە تووشبوون بە شێرپەنجەدا زۆر کاریگەرە. بۆ نموونە، سەلمێندراوە کە هەندێک جۆری شێرپەنجە لە کەسانی کێش زیاد و قەڵەودا زیاتر روودەدات.
جێگری وەزیری تەندروستی ئەوەشی باس کرد کە بەکارهێنانی خۆراکی ناتەندروست دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە زیاد بکات. بۆیە، هۆشیاریی تەندروستی و باوەڕەکانی خەڵک گرنگییەکی زۆریان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا، هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وەک بەساڵاچوون، داهات و پشتیوانییە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها شارنشینی، مەترسییە ژینگەییەکان و پێکهاتە تەندروستی و چارەسەرییەکان کاریگەرییان هەیە.
40٪ـی شێرپەنجەکان رێگرییان لێدەکرێت
بەپێی تەندروستیی ئێران، لە هەر 10 حاڵەتی شێرپەنجە، چوار حاڵەتیان دەتوانرێت رێگرییان لێبکرێت. واتە دەتوانرێت نزیکەی 40٪ـی شێرپەنجەکان بە خۆپارێزی کەم بکرێنەوە.
.png&w=3840&q=75)


