رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی فریاکەوتن هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە کاتێک دەچنە نۆرەی بەنزین، مەرجەکانی رێگریکردن لە گەرمابردن جێبەجێ بکەن، ئەگەر نا پلە بەرزەکانی گەرما کاریگەریی جیدییان دەبێت و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-7-2026 د. سۆلین کاوە، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن بە رووداوی راگەیاند، ئێستا تووشبووانی گەرمابردن لە فریاکەوتنەکان زۆر دەبیندرێن و بەشێکی زۆریشیان پەستانی خوێنیان دادەبەزێت و لەهۆشخۆیان دەچن.
د. سۆلین کاوە ئەم رێنوێنییانەی خوارەوە دەداتە ئەوانەی لە نۆرەی بەنزینخانەکاندا لەکاتە گەرمەکاندا دەوەستن؛
- ئاوی زۆر بخۆنەوە و بتڵی ئاویان پێبێت.
- کڵاو لەسەر بکەن.
- لەبەر سێبەر چاوەڕێی نۆرەکانیان بکەن.
- جلوبەرگی رەنگکاڵ لەبەر بکەن.
- باشترە جلوبەرگی قۆڵدار لەبەر بکەن، بۆ رێگری لە سووتان.
ئەو ئەم رێنوێنییانە بۆیە باس دەکات تاوەکو هاونیشتمانییان تووشی گەرمابردن نەبن، نیشانەکانی گەرمابردن؛
ئارەقکردنەوە
سەرسووڕان
هێڵنج
رشانەوە
جەڵتەی گەرما
وشکبوونەوەی جەستە
بوورانەوە
گیانلەدەستدان
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، بازاڕی کاری بارهەڵگران لە هەرێمی کوردستان تووشی شێواوی بووە. شۆفێرانی بارهەڵگر ئاماژە بەوە دەکەن کرێی گواستنەوەیان گران کردووە، بەڵام بەهۆی بەرزیی تێچووەکانەوە هێشتا لە زیاندان.
بەهۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و کەمبوونەوەی بەنزینی حکومی، سیمای شەقامەکانی پایتەخت گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، شۆفێرانی تاکسی وەکو جاران لە شەقامەکاندا ناگەڕێن و زۆربەیان لە شوێنێکدا دەوەستن تاوەکو سەرنشینێکیان دەستدەکەوێت. کێشەکە تەنیا تاکسی نییە، بەڵکو بەهۆی گرانبوونی نرخی غاز، شۆفێرانی پاسیش روویان لە نۆرەکانی بەنزین کردووە. (راپۆرتەکە ببینە)



