رووداو - تەندروستی ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردن و پیشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا (CDC) رایگەیاند، ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشیی ڤایرۆسیی سوورێژە گەیشتووەتە 4080 حاڵەت، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی مەترسیدار نیشان دەدات. نەخۆشیی سوورێژە بەخێرایی لە ناوچە جیاوازەکانی ئەمریکادا بڵاوبووەتەوە، ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پیشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا هۆکارەکەی بۆ دابەزینی رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین دەگەڕێننەوە. بەپێی ئامارەکان، بەتایبەت ئەو منداڵانەی لەسەرانسەری وڵاتەکەدا تووشبوون کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. سوورێژە یان سۆریکە چییە؟ نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە و زیاتر تووشی منداڵان دەبێت، بەتایبەت منداڵی تەمەن دوو بۆ پێنج ساڵ. بە خێرایی تەشەنە دەکات. کۆکە، پژمە و بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسی تووشبوو رێی گواستنەوەی نەخۆشییەکەن. نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە: تا، کۆکە، بێهێزی، هەناسەتەنگی، سووربوونەوەی چاو و دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەسەر جەستە، هەروەها حەوت بۆ 10 رۆژ دوای بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە دەشێت نیشانەکان دەربکەون. ئەوانەی کە تووشی سوورێژە دەبن، پێویستە پشوو بدەن، ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە و جیابکرێنەوە، هەروەها هەریەک لە دەرمانەکانی کەمکردنەوەی تا، دژەخوران و تەواوکەرە خۆراکییەکان لە ژێر راوێژی پزیشکدا بەکاربێنن.
تەندروستی14-10-2026FDA مۆڵەتی بەکارهێنانی بە دەرمانێکدا کە باری دەروونی تووشبووانی شیزۆفرینیا باشتر دەکات