رووداو - تەندروستی
چوارەمین رووماڵی کەمپینی ''شەرم مەکە''ـی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەحرکە ئەنجام درا و خانمانی بەحرکە بێ بەرامبەر پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمکیان کرد.
ئامانجی کەمپینی "شەرم مەکە" هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە و مەمۆگرامی گەڕۆک، سۆنەر و پشکنینی گشتی بە دیاری دەدرێنە خانمانی کوردستان.
سەنتەری میدیای پزیشكی لەنێو هەڵمەتەکە بەشداربوون و بە خۆڕایی پشکنینیان بۆ خانمانی بەشداربوو کرد، ئەوەشیان راگەیاند کە داشکاندنی 30٪ـی مەمۆگرام بۆ خانمان دەکات.
د. لانە تەڵعەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر کە لەنێو هەڵەمەتەکە میوانێکی سەرەکی بوو رایگەیاند، لەم ساڵانەی دوایدا دوو نەخۆشخانەی گەورە لە بەحرکە کرانەوە، ئەمانەش هۆشیاریی زیاتر بە خانمان دەدەن لەوەی کە ئاگایان لە جەستە و تەندروستییان بێت.
د. لانە تەڵعەت گوتی: پێویستە هەر خانمێک نیشانەی هەبوو، سەردانی پزیشک بکات. ئەو دەستخۆشیشی لە رووداو کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی ''شەرم مەکە''.
د. نەوشاد نەوزاد، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی لەنێو رووماڵەکە گوتی: نەک تەنیا ئەم مانگە، بەڵکو هەموو مانگێک پێویستە خانمان ئاگایان لە تەندروستیی مەمکیان بێت و هەر دەردراوێک لە گۆی مەمکی خانماندا دەرچوو، سەردانی پزیشك بکرێت.
ئەو پزیشکە گوتیشی ''هەموو پزیشکانی خێزانی پێشەنگن لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ تەندروستییان''.
دکتۆر نیان جیهاد، پزیشکی شارەزای شێرپەنجە دەڵێت، ''رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە جیهان و هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە و خۆراکی تەندروست و وەرزش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکەنەوە''.
دکتۆر نیان جیهاد ئەوەش باس دەکات کە تاوەکو ئێستا خەڵکانێک هەن شەرم لە پشکنینی شێرپەنجە دەکەن و هەڵمەتەکانی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجە، دەبێت قوتابخانەکانیش بگرێتەوە.
د. پەیام نادر، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر دەڵێت: مەمۆگرام بۆ خانمانی 40 ساڵ بەکاردێت کە شێرپەنجە لە ماڵباتەکەتان نەبێت و ئەو خانمانەی خوار 40 ساڵن و لە ماڵباتەکەیان شێرپەنجەی مەمک هەیە، مەمۆگرامیان بۆ بکرێت.
پاشانیش ئەوەی باس کرد کە مەمۆگرام دوای سووڕی مانگانە بکرێت، دروستترە و هەر خانمێک بیەوێت بیکات، دەبێت خۆی بشوات، بەڵام لەڕووی خواردنی خۆراکەوە هیچ کێشەیەکی نییە و ئاساییە خۆراک بخوات یان نا.
شاخەوان سدیقە سۆر، قایمقامی بەحرکە بە جەختەوە باسی بایەخی هەڵمەتەکەی کرد و گوتی: زۆرینەی خەڵک تا نیشانەی نەبێت، پشکنین ناکات و ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە.
هەر بۆیە دەڵێت: پێویستە تەواوی خانمان بایەخ بە پشکنینی مەمکیان بدەن، تەنانەت چاڵێنجی چەند خانمێکی ماڵباتەکەشی دەکات کە بچن و پشکنینی مەمک بکەن.
لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە دەکات کە پیاوانی بەحرکە رێخۆشکەر بن بۆ خوشک، دایک و هاوژینەکانیان بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بکەن.
فەریدە سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هەناویی بەحرکە کە خۆی چاکبووەوەیەکی شێرپەنجەی مەمکە گوتی: دوای چاکبوونەوەم لە شێرپەنجە، تەواوی شێوازی ژیانم گۆڕی و هیچ خانمێک نەترسێت لە نەخۆشیی شێرپەنجە، چونکە ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت، زووش چارەسەر دەبێت.
فەریدە سلێمان پاڵپشتیی هاوژین و ماڵباتەکەی بە بایەخەوە باس دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەکەی.
کەمپینی شەرم مەکە چییە؟ خانمان چۆن پشکنینی خۆڕایی مەمک بکەن؟
لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە لە جیهاندا بە مانگی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵمەتێکی گەورەی بە ناونیشانی ''شەرم مەکە'' راگەیاند. ئامانجەکەی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی مەمک و ئەنجامدانی هەشت هەزار مەمۆگرام بەخۆڕایی.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی، یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، یەکە کارگێڕییەکانی ئەو شوێنانەی کە سەرمەشقی هەڵمەتەکەن ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
ئەمە بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت فۆڕمی ناوتۆمارکردن راگەیێنرا بۆ ناونووسینی ئەو خانمانەی دەیانەوێت لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتیەکاندا پشکنینی خۆڕایی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن.
ئەو شوێنانە کوێن کە خانمان دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەتوانن پشکنینی خۆڕایی مەمکی تێدا بکەن؟
ئەو فۆڕمەی پڕی دەکەیتەوە بەپێی ئەو شارەی لێی دادەنیشیت ئەم شوێنانەی تێدایە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی پشکنینی مەمک بکرێت؛
- لە هەولێر (نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری، بنکەی تەندروستیی نازدار بامەڕنی و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئینگلیزی، سەنتەری میدیا و سەنتەری بایۆ).
- لە سلێمانی (نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی تایبەتیی ئاسیا و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئەنوەر شێخە).
- لە دهۆک (نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی تایبەتیی شریان).
- لە هەڵەبجە (سەنتەری هەرس، جگەر و نەخۆشییەکانی مەمک).


