رووداو - تەندروستی دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA)، مۆڵەتی فەرمیدا بە بەکارهێنانی دەرمانی Weltruza بە ناوی زانستی ئۆلانزاپین، ئەم دەرمانە بە شێوەی دەرزیی ژێرپێستی مانگانەیە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی شیزۆفرینیا بەکاردێت. کۆمپانیایی تەیڤا (Teva) سەرپەرشتیی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی کلینیکیی دەرمانەکەیان کرد، لەلایەن پسپۆڕانی پزیشکیی ئەمریکییەوە بەڕێوەچوو. لە توێژینەوەکەدا 675 نەخۆشی شیزۆفرینیا تەمەن 64-18 ساڵ بەشدارییان کرد. بەپێی توێژینەوەیەکە، دەرزیی ژێر پێستەکە، باری دەروونی و کۆمەڵایەتیی نەخۆشانی باشتر کردووە و پێویستیی بە بەکارهێنانی حەبی رۆژانە نەهێشتووە. دەرزییەکە بۆ ماوەی 30 رۆژ بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو کاردەکات بۆ جێگیرکردنی باری دەروونی و باشترکردنی کواڵیتی ژیانیان. شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی دەروونیی درێژخایەنە، کار لە شێوازی بیرکردنەوە، هەست و رەفتاری کەسی تووشبوو دەکات، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندووە، لە هەر 300 کەسێک لە جیهاندا یەکێکیان تووشی شیزۆفرینیا بووە، واتە نزیکەی 0.35٪ـی دانیشتووانی جیهان.