رووداو - تەندروستی
رەنگە وابزانیت جگەرەکێشان لەکاتی پشوویەکی کورتی کاتی کارکردنتدا زیانێکی ئەوتۆ بە جەستەت ناگەیێنێت، بەڵام ئەمە لەلایەن پزیشکانەوە بە هەڵەیەکی کوشندە ناودەبرێت و ئەوان دەڵێن، بەکارهێنانی تووتن لە هەر کاتێک و بە هەر شێوەیەک بێت زیانی جیدی لەسەر تەندروستی و دەروون هەیە.
د. ڤینیت کاول، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گرێ شێرپەنجەییەکانی مل و سەر لە هیندستان رایدەگەیێنێت، بەکارهێنەرانی تووتن مەترسیی زیاتری تووشبوونیان بە شێرپەنجەکانی دەم، گەروو، سییەکان و سوورێنچکیان لەسەرە، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێن، جەڵتەی مێشک و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەناسە.
د. ڤینیت کاول لە لێدوانێکیدا کە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەسەر تووتن و جگەرەکێشان دەڵێت: جگەرەکێشان تەنانەت ئەگەر پەیوەست بێت بە پشووە کورتەکان یان بۆنە کۆمەڵایەتییە پڕچ پچڕەکان بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی زیانی کەڵەکەبوو کە رەنگە نیشانەکانی دەرنەکەون تاوەکو نەخۆشییەکە دەگاتە قۆناخە پێشکەوتووەکان.
پزیشکەکە دووپاتیکردەوە کە هەموو جۆرەکانی تووتن مەترسیی تەندروستییان هەیە و روونی کردەوە، نیکۆتین و مادە شێرپەنجەییەکان لە ماوەی چەند خولەکێکدا لەدوای بەکارهێنان دەچنە نێو جەستەوە و وردە وردە دەست بە تێکدانی شانەکان دەکەن.
ئەو پزیشکە ئاماژە بە چەند نیشانەیەک لە کەسانی جگەرەکێش دەدات کە پێویستە لەکاتی دەرکەوتنیان سەردانی پزیشک بکرێت؛
- بەردەوامبوونی برینی دەم بۆ ماوەیەکی درێژ.
- قورسی لە کاتی قوتداندا.
- دابەزینی کێش بەبێ هۆکارێکی دیار.
- کۆکەی درێژخایەن.
- گۆڕانی دەنگ یان گیرانی بەردەوامی قوڕگ.
ئەمەش بزانە
د. لیانا وێن، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی جۆرج واشنتن دەڵێت: بەڵگە زانستییەکان هیچیان پشتگیری ئەوە ناکەن کە ڤەیپ سەلامەتتر بێت لە جگەرەی ئاسایی، چونکە هەریەکەیان کۆمەڵێک زیان لەخۆدەگرن و لەبارەی ئەوەی کە ئایا دەکرێت بۆ وازهێنان لە جگەرەی ئاسایی، پەنا ببرێتە بەر ڤەیپکێشان؟ دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەوە پەسند نییە و هەردووکیان مەترسیدارن.
دەزگاکە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان ئەمانە پێشنیاز دەکات
- بەکارهێنانی بنێشتی نیکۆتین
- هەڵمژەر و سپڕەی لووتی نیکۆتینی
- لەزگەی نیکۆتین
- جەلاتینی نیکۆتینی
- بەکارهێنانی دەرمانەکانی ڤارینیکلین و بوپرۆپیۆن (بە راوێژی پزیشک)
- بینینی راوێژکارێکی دەروونی



.png&w=3840&q=75)