رووداو - تەندروستی
فیدراسیۆنی ئەورووپی بۆ پزیشکیی ددان جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەندروستیی پووک بەشێکە لە تەندروستیی گشتیی جەستە.
بەپێی سەنتەری پزیشکیی زانکۆی هامبۆرگ ئێپندۆرف، خوێنبەربوونی پووک، لەوانەیە تەنیا کێشەیەکی ناو دەم نەبێت، بەڵکو ئاماژەیەک بێت بۆ کێشەی تەندروستی لە بەشەکانی دیکەی جەستەدا.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکەی زانکۆی هامبۆرگ کە لە گۆڤاری نێودەوڵەتیی زانستی دەم بڵاوکراوەتەوە، تێیدا بەدواداچوون بۆ زیاتر لە شەش هەزار کەس کراوە، دەرکەوتووە پەیوەندییەک لەنێوان هەوکردنی پووک لەگەڵ لاوازبوونی فرمانی گورچیلەکاندا هەیە.
توێژەران، بۆیان دەرکەوتووە کە پرۆتینێک بەناوی (hsCRP) کە نیشانەی هەوکردنە لە جەستەدا، رۆڵی لەم پەیوەندییەدا هەیە، بەڵام هێشتا هەموو لایەنەکانی روون نین.
پسپۆڕانی زانکۆی هامبۆرگ، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوە ناسەلمێنێت هەوکردنی پووک راستەوخۆ دەبێتە هۆی نەخۆشیی گورچیلە، چونکە هۆکاری دیکەی وەک تەمەن، شەکرە، جگەرەکێشان و بەرزیی فشاری خوێن رۆڵی گرنگیان هەیە.



