رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستیی ئیندۆنیزیا تاکە وەزیرە کە هیچ پاشخان و بڕوانامەیەکی پزیشکی نییە، بەڵام یەکێکە لە باشترین وەزیرەکانی تەندروستی لە جیهاندا هەر بۆیە پاڵێوراوە بۆ سەرۆکی WHO.
لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانیدا بەربژێرەکان بۆ سەرۆکی نوێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پانێڵێکدا قسەیان کرد'، بودی گونادی، وەزیری تەندروستیی ئیندۆنیزیا یەکێک لە قسەکەرەکان بوو و گوتی، ''لە رووی زانستییەوە مەحاڵە هیچ وڵاتێک بە تەنیا بتوانێت لە کاتی پەتایەکدا هاووڵاتییانی خۆی بپارێزێت. ناتوانیت بە تەنیا ئەمە بکەیت؛ دەبێت پێکەوە بیکەین. هەر بۆیە دەبێت دەرگا دیپلۆماسییەکانمان بەڕووی هەموو دەوڵەتاندا کراوە بن، هەروەها دەبێت ئەمریکا بگەڕێتەوە نێو ئەم ئاژانسە''.
ئەو وەزیرەی تەندروستی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی فیزیای ناوکی هەیە و لە ساڵی 2020ـەوە بووە بە وەزیری تەندروستیی ئیندۆنیزیا.
پێش خزمەتکردنی وەک وەزیری تەندروستی، کارنامەیەکی بەهێزی لە بواری کۆمپانیاکاندا هەبوو وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەورەترین بانکی ئیندۆنیزیا، بانکی ماندیری، کە لە ساڵی 2013 دەستیپێکرد. دواتر تاوەکو ساڵی 2019 وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیای کانزایی و ئەلەمنیۆمی حکومی PT Inalum کاری کرد.
نەبوونی بڕوانامەی پزیشکی یان تەندروستیی گشتی لای سادیکین، لەلایەن هەندێک چاودێرەوە وەک خاڵێکی لاواز سەیر دەکرێت. بەڵام، پاشخانە بەهێزەکەی بودی لە بواری داراییدا دەکرێت وەک خاڵێکی بەهێزی یەکلاکەرەوە لەم بارودۆخەی ئێستادا سەیر بکرێت.



