رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی کیرتن لە ئوسترالیا دەریدەخات کە تاوەکو ساڵی 2050، نزیکەی یەک ملیار کەس لە جیهاندا تووشی نەخۆشیی سەوەفان (داخورانی جومگەکان) دەبن، لە کاتێکدا هیچ چارەسەرێکی بنبڕکەر یان دەرمانێک نییە کە بتوانێت نەخۆشییەکە بوەستێنێت یان خاوی بکاتەوە.
پرۆفیسۆر د.ئاندرو بریگز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت پێویستە تێڕوانینی کۆمەڵگە لەبارەی سەوەفانەوە بگۆڕدرێت، لەوەی کە تەنیا نەخۆشیی کەسانی بەتەمەنە و هیچ شتێک بۆ چارەسەرکردنی ناکرێت، بۆ تێڕوانینێک کە هانی خەڵک بدات نیشانەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان.
توێژەران هۆشداری دەدەن کە زیادبوونی قەڵەوی، پیربوونی دانیشتووان و زۆربوونی پێکانەکانی جومگەکان، پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری حاڵەتەکانی سەوەفان لە دەیەکانی داهاتوودا.
لە نیشانە باوەکانی سەوەفان بریتین لە:
- ئازار لە جومگەکاندا لە کاتی جووڵە یان دوای جووڵە.
- رەقبوونی جومگەکان، بەتایبەت دوای ماوەیەک لە دانیشتن.
- کەمبوونەوەی توانای جووڵە و نەرمی لە جومگەکەدا.
- ئاوسان لە دەوروبەری جومگەی تووشبوو.
- هەستکردن بە لێکخشانی ئێسکەکان لە کاتی جووڵەدا.



