رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، گەرمای زۆر دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستەی خانمانی دووگیان و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی کۆرپەلەکەیان دەبێت و رەنگە تووشی منداڵبوونی پێشوەختەشیان بکات.
ئەمڕۆ شەممە 25-7-2026 د. هودا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، خانمانی دووگیان هەستکردن بە گەرمایان زیاترە لە کەسانی ئاسایی و لەم وەرزە گەرمەدا پێویستە خانمان هەمیشە خۆیان فێنک بکەنەوە و بڕی پێویستی شلەمەنییەکان بخۆنەوە.
د. هودا ئەحمەد دەڵێت: وشکبوونەوەی جەستە بەهۆی گەرماوە هۆکارێکە بۆ ئەوەی جووڵەی کۆرپەلە لەنێو سکی دایکدا کەم ببێتەوە و کێشەی بۆ دروست ببێت، چونکە سووڕی خوێنی خانمە دووگیانەکە کەم دەبێتەوە و بەمەش ئۆکسجین بۆ کۆرپەلەکە کەمتر دەبێتەوە.
نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە
تۆخبوونی رەنگی میز
خێرا لێدانی دڵ
لاوازی
بێهێزی
سەرسووڕان
سەرئێشە
وشکبوونەوەی پێست
تینوویێتی
وشکبوونەوەی چاو
سستبوونی گورچیلەکان
لەهۆشخۆچوون
نەبوونی کارەبا مەترسییەکی جیدی دەخاتە سەر تەندروستیی کۆرپە و منداڵانی ساوا، لە پارێزگای هەڵەبجە کێشەی کەمیی کارەبا هەیە و ژمارەی موەلیدەکان کەم بووەتەوە.
د. هودا ئەحمەد چەند رێنوێنییەک بۆ خۆپاراستن لە گەرمای هاوین و گەرمابوون پێشنیاز دەکات؛
- چوونەدەرەوە لە کاتە فێنکەکاندا وەکو بەیانیان، ئێوارە و شەوان.
- لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی گەرمابردن پزیشک ئاگادار بکەرەوە.
- منداڵ، بەساڵاچووان و خانمانی دووگیان هەمیشە ئاو بخۆنەوە و نەچنە بەر گەرما.
- دووربکەورەوە لەو خۆراکانەی وشکبوونەوەی جەستە زیاد دەکەن.
- ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە پابەندبن بە بەکارهێنانی دەرمانەکانیان و خۆیان لە کەشی گەرم بپارێزن.
- لەکاتی چوونە بەر گەرما کڵاو، چەتر، چاویلکە و جلوبەرگی قۆڵدرێژ بەکاربێت.


