رووداو - تەندروستی
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراس لەبارەی دوو جۆری خۆراکە خێراکان (کەنتاکی و فینگەر) پێشکێش کرا، میوانەکان بە تووندی دژی خواردنی هەردووکیانن و بە مەترسیی زیادبوونی شێرپەنجە، شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و قەڵەوی دەیانبینن.
د. محەممەد جەباری، پسپۆڕی خۆراک میوانێکی بەرنامەکەیە و دەڵێت: ئەو فینگەرەی ئامادە دەکرێت پەتاتە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک مادەیە کە کۆمەڵێک مادەی پارێزەر و مادەی دیکەی تێدەکرێت تاوەکو تام و بۆن و شێوەیەکی جوانی هەبێت.
هەر بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوەی بە ناوی فینگەرەوە دەفرۆشرێت، پەتاتە نییە.
بەگوتەی د. محەممەد جەباری، ئەو فینگەرە دوای سوورکردنەوە مادەی ئەکریلەمایدەکانی تێدا دروستدەبێت کە ماوەدرێژ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات. پاشانیش خوێیەکی زۆری تێدەکرێت و ئەگەری تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن زیاد دەکات؛ ئەمەش بەجۆرێکە کە یەک ژەمی 50٪ـی خوێی رۆژانەی کە مرۆڤ دەتوانێت وەریبگرێت تێدایە.
جەبارەی ئەوەشی باس کرد، رێستورانتەکان بە رۆنی خراپ و دووبارە بەکارهاتوو و پیس فینگەر سوور دەکەنەوە و هیچ کامیان رۆنی خۆماڵی بەکارناهێنن، ئەمەش ئەڵدیهایدەکان دروستدەکات کە بەرپرسە لە گیرانی لوولەکانی خوێن و دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی.
د. سەرکێو لەتیف، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ رایدەگەیێنێت، فینگەر لە کاربۆهیدرات و چەوری پێکهاتووە کە دووژمنی دڵ و لوولەکانی خوێنن چونکە خەڵک قەڵەو دەکەن.
د. سەرکێو لەتیف دەڵێت: رۆنی سوورکردنەوە فینگەر ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە زیاد دەکات، تەنانەت بۆ منداڵانیش دەشێت تووشی نەخۆشییەکانی دڵیان بکات کاتێک گەورەتر دەبن.
لەبارەی کنتاکییەوە ئەمانە گوتران
د. محەممەد جەباری ئاشکرای دەکات، ئەوانەی کێشەی گورچیلەیان هەیە نابێت کەنتاکی بخۆن، چونکە پڕە لە مادەی پارێزەر، فۆستاف، مادەی شێرپەنجەیی، خوێ، تام، بەنزەواتی سۆدیۆم و نیشانستە. کە هەموو ئەمانە مەترسیی جیدییان هەیە لەسەر نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شێرپەنجە.
د. سەرکێو لەتیف باسی خواردنی کەنتاکی دەکات لەلایەن منداڵانەوە و دەڵێت: کاتێک دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن و گەنجی زووتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە دەبن و قەڵەویش دەبن.
دیسانەوە کەنتاکیش پڕە لەو مادانەی کە ئەکرەمایدەکان دروستدەکەن، ئەویش مادەیەکی شێرپەنجەییە.
بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس ببینە لەبارەی ئەو خۆراکانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان جینۆساید دەکەن!


.png&w=3840&q=75)