رووداو - تەندروستی
توێژەرانی ژاپۆنی دەستیان بە یەکەمین هەوڵی جیدی بۆ دۆزینەوەی دەرمانێکی دژەپیربوون کرد و رایدەگەیێنن، ئەو دەرمانە چالاکیی پڕۆتینی بەرپرس لە پیربوونی خانەکان کەم دەکاتەوە.
توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆساکای ژاپۆن جۆرە پڕۆتینێکی لەنێو خانەکاندا دۆزیوەتەوە کە رۆڵێکی سەرەکیی هەیە لە پیربوونی خانەکاندا.
زانایان، بۆیان دەرکەوت کە کەمکردنەوەی چالاکیی ئەم پڕۆتینە لە خانە پیرەکاندا (ئەوانەی لە دابەشبوون وەستاون و قەبارەیان گەورە بووە) بە کردەیی وادەکات تایبەتمەندییە گەنجییەکانیان بۆ بگەڕێتەوە، قەبارەیان بۆ ئاستی ئاسایی بچووک ببێتەوە و لەنێو تاقیگەدا دەست بە دابەشبوون بکەنەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت دەرمانێک بە ناوی IU1 دروستبکەن کە بەوە ناسراوە، توانای کەمکردنەوەی چالاکیی ئەنزیمێکی دیاریکراوی (USP14) هەیە، ئەمەش خانەکان هاندەدات و توانایان بۆ رزگاربوون لە پاشماوە و پڕۆتینە تێکچووە کەڵەکەبووەکان بەهێز دەکات و پیربوونیان دوادەخات.
پیراوان چانتاچۆتیکول، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: "هێشتا تێناگەین چۆن ئەم خانە پیربووانە دەتوانن قەبارە گەورەکەیان بپارێزن." گوتیشی: "یەکێک لە سەرەداوە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە کە ریشاڵەکانی سترێس لە خانە پیربووەکاندا زۆر ئەستوورترن وەک لە خانە گەنجەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرۆتینەکانی ناو ئەم ریشاڵانە یارمەتیدەرن بۆ پاڵپشتیکردنی قەبارەکەیان."
پیراوان دەشڵێت، بۆیان دەرکەوتووە پڕۆتینی AP2A1 لەنێو خانە پیربووەکاندا هەن و هەر ئەوەشە وایکردووە جیڕییان پێببەخشن لەکاتی پیربووندا.
شینجی دیگوچی کە نووسەرێکی دیکەی توێژینەوەکەیە گوتی: سەرکوتکردنی پڕۆتینی AP2A1 لە خانە پیرەکاندا پڕۆسەی پیربوونی پێچەوانە کردەوە و گەنجبوونەوەی خانەکانی هاندا، لە کاتێکدا زیادکردنی دەربڕینی AP2A1 لە خانە گەنجەکاندا پڕۆسەی پیربوونی خێراتر کرد.
تاوەکو ئێستا هەوڵەکان تاقیگەیین و توێژەران رایاننەگەیاندووە کە کەی دەرمانەکە بەردەست دەبێت.
ژیانی رۆژانە کاریگەریی لەسەر تەمەنی بایۆلۆژی هەیە. هەندێک کار دەکرێ مرۆڤ پیر بکەن، بەڵام هەندێک کاری دیکەش دەتوانن کاتژمێرەکە بگەڕێننەوە دواوە.
1- وەرزش بکە: وەرزشکردن بە بەردەوامی مەترسیی مردن لە هەموو هۆکارەکان کەم دەکاتەوە. تەنانەت ئەگەر پێشتر وەرزشت نەکردبێت، هەرگیز درەنگ نییە. توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەی هەشت هەفتە وەرزشیان کردووە (هەفتەی سێ جار، هەر جارەی 60 خولەک)، تەمەنی بایۆلۆجییان بە نزیکەی دوو ساڵ گەنج بووەتەوە.
2. خواردنی تەندروست بخۆ: خواردنی میوە، سەوزە، دانەوێڵە، چەرەسات، پاقلەمەنییەکان، ماسی و پرۆتینی بێ چەوری، تەمەنی بایۆلۆجی کەم دەکاتەوە (واتە گەنجترت دەکات). هەوڵبدە کەمتر گۆشتی سوور، چەوریی تێر، شەکر و خوێ بخۆیت.
3. خەوت باش بکە: خەوی باش یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ گەنج مانەوە. لە کاتی خەودا، جەستە خۆی چاک دەکاتەوە. ئەو کەسانەی شەوانە کەمتر لە پێنج کاژێر دەخەون، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە تەمەن وەک شەکرە، نەخۆشیی دڵ، شێرپەنجە و لەبیرچوونەوە زیاد دەکات.
4. لە خووە خراپەکان دوور بکەوە: جگەرەکێشان، ڤەیپ و خواردنەوەی کحول، بەهێزترین هۆکارەکانن بۆ خێراکردنی پرۆسەی پیربوون. جگەرەکێشان سییەکان بە نزیکەی 4.3 ساڵ پیردەکات.
5. گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ کۆنتڕۆڵ بکە: گوشاری دەروونی راستەوخۆ پڕۆسەی پیربوون خێرا دەکات. توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو کەسانەی هەفتانە زیاتر لە 40 کاژێر کار دەکەن، تەمەنی بایۆلۆجییان دوو ساڵ زیاد دەکات (واتە دوو ساڵ پیرتر دەبن)، کە رەنگە هۆکارەکەی سترێس بێت.



