رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە رایدەگەیێنێت، لەم وەرزەدا لەبەر ئەوەی پلەی گەرمی دادەبەزێت، ڤایرۆسەکان زیاتر چالاک دەبن و تێکەڵاویش زیاتر دەبێت، ئەمەش بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی زیاتر دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 6-10-2026 د. رێباز هەمزە، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە بووڵتەنی تەندروستیدا کە دکتۆر نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات، گوتی: ئەوانەی کە بەرگریی جەستەیان لاوازە زیاتر تووشی پەتاکان دەبێت بەتایبەت ئەنفلەوەنزا.
لەبارەی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزاوە گوتی کە هەموو کەسێک دەتوانێت وەریبگرێت بەتایبەت ئەوانەی کە گرووپی مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا وەکو منداڵانی خوار 5 ساڵ، بەساڵاچووان، تووشبووانی شێرپەنجە و ئەوانەشی کە گورچیلە و جگەریان بۆ چێنراوە.
بەم رێگەیانە خۆت لە ئەنفلەوەنزای وەرزی بپارێزە
1- شووشتنی دەستەکان بەمەرجێک زیاتر بێت لە 20 چرکە.
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت.
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان.
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە.
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو.
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلێنکس بەکاربهێنن.
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت.
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.
10- دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاواز دەکات.
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆتبشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات.
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)