رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە دەڵێ، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 141 هەزار کەس پشکنینی مەترسییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێنیان بۆ کراوە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 42 هەزار کەسیان قەڵەون.
خالید رەحمانی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، "لە پشکنینەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا دەرکەوت کە 7 هەزار و 229 کەس لە قۆناخی پێش تووشبوون بە شەکرە و نزیکەی 3 هەزار کەسیش گومانیان لێدەکرێ پەستانی خوێنیان بەرز بێت."
بە گوتەی خالید رەحمانی، لەو پشکنین و هەڵسەنگاندنانەی کرا، دەرکەوت 59 هەزار و 557 کەس کێشیان زیادە، 42 هەزار و 593 کەس قەڵەون، 10 هەزار و 10 کەس ئەگەری تووشبوون بە چەوریی خوێنیان هەیە؛ هەروەها 2 هەزار و 972 کەس گومانی بەرزیی پەستانی خوێنیان لێدەکرێ و هەزار و 678 کەسیش گومانی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەیان لێدەکرێ.
سەبارەت بە شێوازی پرۆسەکە، خالید رەحمانی ئاماژەی بەوە کرد، لە پرۆسەی پشکنینەکەدا پەستانی خوێن، شەکرە، چەوریی خوێن، کێش، باڵا و قەبارەی کەمەری کەسەکە دەپێورێن؛ هەروەها مێژووی جگەرەکێشان و بوونی نەخۆشیی دڵ لە خێزانەکەدا رەچاو دەکرێ. دواتر ئاستی مەترسیی 10 ساڵەی کەسەکە هەژمار دەکرێ و بەپێی ئەوە رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.
بەپێی نوێترین ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ساڵانە نزیکەی 65 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی قەڵەوی و لێکەوتەکانییەوە گیان لەدەستدەدەن. ئەم ژمارەیە هاوتای 10 بۆ 12٪ی کۆی گشتیی گیانلەدەستدانە ساڵانەکانی ئەو وڵاتەیە.


.png&w=3840&q=75)
