رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، زۆر بەزوویی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گفتوگۆ دەکات سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کارمەندێکی تاقیگە کە دەگوترێت بەهۆی نەخۆشیی تاعوونەوە بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتن و نەتەوە یەکگرتووەکان داوای شەفافیەت لە مۆسکۆ دەکەن.
بەرپرسانی رووسیا رەتیانکردەوە رێوشوێنیان دژی تاعوونەکە گرتبێتەبەر. ئەمە دوای ئەوەی خانمە کارمەندێک لە پەیمانگەیەکی توێژینەوەی تاعوونەکان لە سایبیریا شووشەیەکی پڕ لە بەکتریای لێ کەوت، تووشی هەوکردنی سییەکان بوو و مرد.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئایسلاند داوای لە رووسیا کرد سەبارەت بە دۆخەکە کراوە بێت و گوتی: "هانی رووسیا دەدەین شەفاف بێت و زانیاریی زیاتر لەگەڵ جیهان بەش بکات، بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین بەشێوەیەکی گونجاو و دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکەین."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانییش هەمان داواکاریی خستەڕوو.
رۆژی سێشەممە 06-10-2026 [چوارشەممە بەکاتی هەولێر] ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بە نیازە بەم نزیکانە قسە لەگەڵ پووتین بکات و ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر بەزوویی" ئەوە دەکرێ.
کاتێکیش پرسیاری لێکرا کە ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخەکە چی دەڵێن، گوتی: "تاوەکو ئێستا، لە گفتوگۆی زۆر قووڵداین. رەنگە سبەی بتوانین راپۆرتی لەسەر بدەین."
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی دیپلۆماسیی نهێنی بۆ رووسیا ناردووە و هۆشداریی داوەتە مۆسکۆ کە ئاشکرانەکردنی وردەکارییەکان، پێچەوانەی ئەرکە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکانییەتی.
هۆکاری گیانلەدەستدانەکە 'نادیارە'
رۆژی هەینی، میدیای رووسیا بڵاویکردەوە، ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە ناوی (داریا شیپیلۆڤا)ـیە و تەمەنی 28 ساڵە، رەنگە بەهۆی شکانێکی شووشەی تاقیگەوە تووشی تاعوونی سییەکان بووبێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی 200 کەس کە رەنگە بەرکەوتنیان لەگەڵیدا هەبووبێت، کەرەنتینە کراون. سەرچاوە میدیاییەکانی دیکەش باسیان لە ئەگەری پەیوەندیی نێوان گیانلەدەستدانەکەی و رووداوێکی تاقیگەکە کردووە.
بەڵام دەسەڵاتدارانی رووسیا دەڵێن هۆکاری گیانلەدەستدانەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە. دەستەی چاودێریی تەندروستیی رووسیا لە تەلەگرام رەتیکردەوە رێوشوێنی تایبەت گیرابێتەبەر و رایگەیاند، ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە "لە سەرچاوەی فەرمییەوە نین و دوورن لە راستییەوە."
هاوکات ئیگۆر کۆبزێڤ، پارێزگاری ئیرکوتسک [لە سایبیریا] رۆژی دووشەممە رایگەیاند، پشکنینەکان دەریانخستووە ژنەکە بەهۆی هەوکردنی سییەکانەوە گیانی لەدەستداوە و هۆکارەکەشی "نادیارە،" هەروەها هیچ وردەزیندەوەرێک (مایکرۆئۆرگانیزم) کە پەیوەندیی بە کارەکەیەوە هەبێت لە جەستەیدا نەدۆزراوەتەوە و هیچ کام لە کارمەندانی دیکەی پەیمانگەکەش پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی نەبووە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، لەو زانیارییانەی رۆژی سێشەممە لە رووسیاوە پێیان گەیشتووە، جەخت لەوە کراوەتەوە، "هیچ حاڵەتێکی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە لە شاری ئیرکوتسک تۆمار نەکراوە." بەڵام تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە لە ئێکس داوای شەفافیەتی لە مۆسکۆ کرد و گوتی: "بڵاوکردنەوەی زانیاری لەکاتی خۆیدا و بەشێوەیەکی شەفاف، بۆ روونکردنەوەی راپۆرتە دژبەیەکەکان و هەڵسەنگاندنی دروستی مەترسییەکان پێویستە."
ئەم نەخۆشییە نەخۆشییەکی بەکتریاییە و چەندین جۆری هەیە، مەترسیدارترینیان تاعوونی سییەکانە کە لە رێگەی هەناسەوە دەگوازرێتەوە و ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت، دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
دۆناڵد ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاندبوو، ئامادەیە لە کاتی پێویستدا یارمەتیی رووسیا بدات. بەڵام لە وەڵامێک بۆ ترەمپ، دەستەی چاودێریی تەندروستیی رووسیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، مۆسکۆ ئامادەیە هاوکاریی ئەمریکا بکات لە رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا.
رووسیا ئاماژەی بە "خراپتربوونی بەرچاوی" دۆخی سوورێژە لە سێ ویلایەتی ئەمریکا و تۆمارکردنی "حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە تاعوون" لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆ لە مانگی حوزەیراندا کرد.
بڕیارە لە 21 و 22ـی ئەم مانگەدا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم تاعوونە و نەخۆشییە درمەکانی دیکە لە شاری ئیرکوتسک بەڕێوەبچێت، هەرچەندە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە دەڵێن "هیچ پەیوەندییەکی بە گیانلەدەستدانی ئەو کارمەندەی پەیمانگەکەوە نییە."



.png&w=3840&q=75)