رووداو - تەندروستی
تەندروستیی کۆنگۆ نوێترین ئاماری بڵاوبوونەوەی ''ڤایرۆسی کوشندەی ئیبۆلا'' رادەگەیێنێت؛ 1873 تووشبوو و 672 گیانلەدەستدان تۆمار کراون.
ئیبۆلا لە کۆنگۆ بڵاو بووەتەوە، گەیشتووەتە ئۆگەندای دراوسێی ئەو وڵاتە و تەنانەت لە فەرەنسا و ئەمریکاش تووشبوو تۆمار کراون کە لە کۆنگۆوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کینشاسا لە هۆشدارییەکی تەندروستیدا رایگەیاند، ئەو گەشتیارانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ڤایرۆسی ئیبۆلادا دەبێت، پێویستە بۆ ماوەی 21 رۆژ لە دەرەوەی کۆنگۆ و لەسەر ئەرکی خۆیان کەرەنتین بکرێن.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- لیکی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو


