رووداو - تەندروستی
چارەسەرکارێکی دەروونی دەڵێت، ئەوانەی لە جەستەیان ناڕازین زیاتر فیلتەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن ئەمەش بۆ شاردنەوەی ئەو ناڕێکییەی کە هەستی پێدەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-10-2026 سالم مەحموود، چارەسەرکاری دەروونی لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ناڕازیبوون لە بەشێک یاخود تەواوی جەستە حاڵەتێکی دەروونییە کە کەسی تووشبوو نیگەرانییەکی بەردەوامی لە جەستەی هەیە و لەژێر کۆنتڕۆڵی کەسەکەشدا نییە.
سالم مەحموود گوتی، ''سووکایەتیپێکردن و شکانەوەی منداڵ یاخود بەراوردکردنی، رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی کەسێک لە تەمەنی گەورەییدا تووشی کێشەی رازینەبوون بە جەستەی هەبێت''.
توێژینەوەیەک لە لە بەریتانیا دەریخستووە، ئەو کەسانەی تووشی تێکچوونی خواردنی خۆراکبوون بوون، 12 هێندە زیاتر ئەگەری هەیە تووشی رازینەبوون لە شێوەی جەستەیان (body dysmorphia) ببن.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئانگڵیا رەسکین لە بەریتانیا لەسەر زیاتر لە هەزار و 600 ئەندامی یانەکانی لەشجوانی کراوە،دەرکەوتووە کە 76%ی ئەو کەسانەی نیشانەکانی تێکچوونی خواردنیان هەبووە، هاوکات بەدەست رازینەبوون لە شێوەی جەستەشیانەوە ناڵاندوویانە.


