رووداو - تەندروستی
لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە لە جیهاندا بە مانگی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵمەتێکی گەورە بە ناونیشانی ''شەرم مەکە''رادەگەیێنێت. ئامانجەکەی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی مەمک و ئەنجامدانی هەشت هەزار مەمۆگرام بەخۆڕایی.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەدروستیی جیهانی لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی، یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، یەکە کارگێڕییەکانی ئەو شوێنانەی کە سەرمەشقی هەڵمەتەکەن ئەنجام دەدرێت.
شێرپەنجەی مەمک، بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەی خانمانە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام زانینی راستییەکی گرنگ دەتوانێت هەموو هاوکێشەکە بگۆڕێت: ئەگەر ئەم نەخۆشییە لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا دەستنیشان بکرێت، رێژەی چارەسەرییەکەی دەتوانێت بگاتە سەروو 95٪. هەر بۆیە، پشکنینی پێشوەختە رێگەیەکی گرنگە بۆ پێشگیریکردن لەو شێرپەنجە کوشندەیە.
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
ئەمڕۆ چی روودەدات؟
ئەمڕۆ هەینی 2-10-2026 کاژێر 16:00 هەڵمەتەکە لە شەقڵاوە دەستپێدەکات و بەشێوەی راستەوخۆ لە سۆشیاڵ میدیا و شاشەی رووداو دەگوازرێتەوە، لەنێویدا هاونیشتمانییان، خانمانی قەزای شەقڵاوە بەشدارن و لەلایەن پەرستار و پزیشکی پسپۆڕەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت و هۆشیار دەکرێنەوە لەبارەی شێرپەنجەی مەمک. پاشانیش فۆڕمی ناوتۆمارکردن بۆ ئەوەی خانمان لە نەخۆشخانەکاندا پشکنینی مەمکیان بکەن، رادەگەیێنرێت.
دوای تەمەنی 40 ساڵی پشکنینی مەمۆگرام بکرێت
پزیشکان رێنوێنیی خانمان دەکەن کە لەدوای تەمەنی 40 ساڵییەوە ساڵانە پشکنینی مەمۆگرام ئەنجام بدەن، هەروەها مانگانە پشکنینی دەستی بۆ مەمکیان بکەن و لەکاتی هەستکردن بە هەر گۆڕانکارییەک، وەک دەرکەوتنی گرێ، گۆڕانی شێوە یان قەبارەی مەمک، دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکەن.
پسپۆڕێکی تیشک و سۆنەر دەڵێت، شەرمکردن لە کێشە تەندروستییەکانی مەمک هۆکارێکی درەنگ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمکە (بابەتەکە بخوێنەرەوە).
جیاوازیی خەرجیی چارەسەرییەکانی شێرپەنجەی مەمک بەگوێرەی قۆناخەکانی نەخۆشییەکە
خەرجیی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سفرەوە {پشکنینی خودیی مەمک} بۆ 15 دۆلاری تێدەچێت {15دۆلارەکە خەرجیی هەموو قۆناخەکانی پشکنینە بە بەرزترین کواڵیتی لەسەر حکومەت نەک هاونیشتمانی}، لەکاتێکدا خەرجیی چارەسەری نەخۆشییەکە بەپێی داتاکانی حکومەت 80 بۆ 100 هەزار دۆلارە.
د. لوقمان نانەکەلی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر بە رووداوی گوتووە: نرخی چارەسەرییەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەراورد بە ماوەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بەم شێوەیەیە؛
- لەماوە سەرەتاییەکانی قۆناخی یەکی شێرپەنجەکە؛ 4 بۆ 5 هەزار دۆلار.
- لەماوەی قۆناخی دوو و سێی شێرپەنجەکە، ئەگەر پێویستی بە دەرمانی بایۆلۆژی و کیمیایی بێت؛ 20 بۆ 30 هەزار دۆلار.
- لەماوەی قۆناخی چواری شێرپەنجەکە؛ 250 بۆ 300 هەزار دۆلار.
تەنانەت بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی ئاشکرای کردووە، تێچووی چارەسەریی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخی یەک 300 هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام ئەگەر هەمان شێرپەنجە لە قۆناخی سێ یان چوار دەستنیشان بکرێت، بۆ 21 رۆژ 12 ملیۆن دیناری عێراقی تێدەچێت.
ساڵی رابردوو دوو هەزار و 180 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراون
ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن، شێرپەنجەی مەمک بەربڵاوترین شێرپەنجەیە و لە ساڵی 2025 دا دوو هەزار و 180 تووشبووی شیرپەنجەی مەمک تۆمار کراون، لە ساڵی 2013-2019 شێرپەنجەی مەمک بەرزترین رێژەی تۆمار کردووە. هاوکات لە هەولێر 39.4 حاڵەت و لە دهۆک 18.1 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بۆ هەر 100 هەزار کەسێک تۆمار کراون.
بەپێی WHO، رێگەکانی پێشگیریکردن لە شێرپەنجە دەکرێت ئەمانە بن؛
* خۆراکی تەندروست
* کەمخواردنی خۆراکە لەقوتوونراوەکان
* دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
* دوورکەوتنەوە لە کحول
* وەرزش
* کێشڕێکی
* ژینگەی خاوێن
* خۆپاراستن لە تیشکە زیانبەخشەکان



