رووداو - تەندروستی
لە هەڵەبجە بۆماوەی یەک هەفتە هۆشیاری بۆ پشکنین و ئاگایی لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ئەنجامدەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-10-2026 یەکێتیی ژنانی کوردستان بەهاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە سیمپۆزیۆمێکیان بۆ دەستپێکردنی ئەو چالاکییە رێکخست و بێریڤان ئاوات، جێبەجێکاری رێکخراوی یەکێتیی ژنان دەڵێت: دەمانەوێت بە خانمان بڵێین کە شەرم نەکەن و مافی خۆیانە کە زانیارییان هەبێت لەبارەی نەخۆشییەکە.
یەکێتیی ژنان رایگەیاند، ئامانجیانە هەزار خانم لە سنووری هەڵەبجە سوودمەندی ئەم پڕۆژەیە ببن و هۆشیار بن لەبارەی شێرپەنجەی مەمک و چۆنیەتیی پشکنینی پێشوەختە.
لەو هەڵمەتەی هەڵەبجە ماڵ بە ماڵ خانمان بەسەر دەکەنەوە و پشکنینیان بە خۆڕایی بۆ دەکەن.
د. ئەژین حەمە، پسپۆڕی شێرپەنجە کە بەشداری سیمپۆزیۆمەکە بوو دەڵێت: پێویستە خانمان هانبدەین کە خۆیان بێنە بنکەکان بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکەن، نەک ئەوەی کە ئەوکاتە بێن کە نیشانەیەکیان هەیە.
د. ئەژین حەمە ئاماژەی بەوەدا، ترس و شەرم وا دەکات خانمان بایەخ بە پشکنینی مەمکیان نەدەن، کە ئەمەش مەترسیدارە لەسەریان و ئەگەری زیانەکانی شێرپەنجە زیاتر دەکات.


