رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە هەولێر کۆچی دواییکرد. هاوڕێیەکی دەڵێت، لەنێو گاراجی ئەو نەخۆشخانەیەی دەوامی تێدا دەکرد، دڵی وەستاوە و گیانی لەدەستداوە.
د. عوسمان عەبدولکەریم پسپۆڕێکی دیاری شاری هەولێر بوو، ئەمڕۆ بە کتوپڕی کۆچی دواییکرد. د. سادق عەزیز کە هاوڕێیەکی نزیکی بووە ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی راگەیاند: ''د. عوسمان لە تەمەنی 18 بۆ 20 ساڵیدا نەشتەرگەرییەکی دڵی بۆ کراوە و زمانەی دەستکردی دڵی بۆ دانراوە'' ئەمڕۆ لەکاتی دەوامدا لە نەخۆشخانەی 'جمهوری' لە هەولێر دڵی لە لێدان وەستا و بە بووژاندنەوەی دڵیش نەکەوتووەتەوە کار.
ئەو پزیشکە تەمەنی 53 ساڵ بووە و بەپێی نزیکترین هاوڕێی منداڵی و ئێستای، د. عوسمان هیچ کێشەیەکی لە دڵیدا باس نەکردووە و دۆخی تەندروستیی باش بووە، بەڵام ئەمڕۆ لەناکاو لەکاتی دەوامدا دڵی لە لێدان وەستا.
ئەمەش بۆ زیانیاری بزانە؛ بەپێی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا، خۆشبەختانە 80٪ـی نەخۆشییەکانی دڵ دەتوانرێ کۆنتڕۆڵ بکرێن بەم شێوەیە؛
- گۆڕینی شێوازی ژیانی تەندروست
- کەمکردنەوەی خۆراکی چەور و سوێر
- نەخواردنەوەی مادە کحولییەکان
- نەکێشانی جگەرە و نێرگەلە
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر، چەوری و پەستانی خوێن
- رێگریکردن لە قەڵەوی
- وەرگرتنی دەرمان لەکاتی هەبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە لەکاتی بوونی نیشانەکانی سینگئێشە، هەناسەتەنگی، دڵەکوتی، سڕبوونی دەست و قاچەکان و ئەستووربوونی پێیەکان.
- بینینی پزیشکی پسپۆڕ و پزیشکانی هەناوی


