رووداو - تەندروستی
توێژەران لە زانکۆی دیوکی ئەمریکی، سەرکەوتوو بوون لە بەرهەمهێنانی جۆرێکی تایبەتمەندی خانەی موولوولەکانی خوێن لە تۆڕی چاودا، ئەمەش بە ئومێدێکی نایاب بۆ چارەسەری کوێربوون دادەنرێت.
توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری Nature Biomedical Engineering بڵاو کراوەتەوە، روونی کردەوە کە خانەکان، ناسراو بە خانە رووپۆشەکانی موولوولەکانی تۆڕی چاو، کاتێک کرانە نێو ئەو مشکانەی تووشی نەخۆشیی تۆڕی چاو ببوون، توانییان بچنە نێو شانە زیانلێکەوتووەکان و یارمەتیی نوێکردنەوەی موولوولەکانی خوێن و گەڕاندنەوەی بەشێک لە کارایی تۆڕی چاویان دا.
شارۆن جێرێشت، سەرۆکی توێژەرانی توێژینەوەکە و پڕۆفیسۆری ئەندازیاریی پزیشکیی زیندەیی لە زانکۆی دیوک لە ئەمریکا دەڵێت: "نەخۆشییەکانی تۆڕی چاو کاریگەرییان لەسەر ملیۆنان کەس هەیە، بەڵام تێگەیشتن لێیان هێشتا سنووردارە، ئەمەش رێگرە لە پەرەپێدانی چارەسەری نوێ''.
هەروەها گوتیشی، بەکارهێنانی خانە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بۆ بەرهەمهێنانی ئەو خانانەی لە موولوولەکانی تۆڕی چاودا هەن، رێگە بۆ رێبازێکی نوێ لە چارەسەرکردندا خۆش دەکات.
لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکاندا، خانە چێنراوەکان تۆڕ و پێکهاتەی هاوشێوەی ئەوانەی ناو جەستەیان دروستکرد. کاتێک توێژەران ئەم شانانەیان خستە بەر دۆخی کەمبوونەوەی ئۆکسجین و بەرزبوونەوەی گلوکۆز، کە دۆخێکی پەیوەستە بە نەخۆشیی تۆڕی چاوی شەکرە، بەربەستە شانەییەکە دەستی بە تێکچوون کرد بەشێوەیەکی هاوشێوەی ئەوەی لەلای نەخۆشەکان روودەدات.
ئەمەش بزانە
نەخۆشیی تۆڕی چاوی شەکرە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەدەستدانی بینین لەنێو پێگەیشتووانی تەمەنی کارکردندا. نەخۆشییەکە بەهۆی زیان گەیشتن بە موولوولە خوێنە وردەکانی تۆڕی چاو دروست دەبێت و لە قۆناخە پێشکەوتووەکانیدا رەنگە ببێتە هۆی خوێنبەربوونی ناو چاو، ئاوسانی تۆڕی چاو یان لاوازییەکی تووندی بینین.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)