رووداوی تەندروستی
دەستەی نوێنەرایەتیی پزیشکانی دامەزراو و دانەمەزراو لە هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هۆشداری دەدەن کە ئەگەر لە ماوەیەکی کورتدا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیێنین.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە 663 پزیشکی تازە دەرچوو لە مافی سەرەتایی دامەزراندن بێبەش کراون و پزیشکانی دامەزراویش لە شوێنەکانی خۆیاندا قەتیس ماون و ناتوانن بچنە قۆناخی داهاتووی پلەبەندیی پیشەکەیان.
دکتۆر شکۆ شێرکۆ نوێنەری پزیشکانی دامەزراو و دانەمەزراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دۆخە بووەتە هۆی پچرانی زنجیرە بەیەکەوەبەستراوەکەی سیستمی تەندروستی و داوای چارەسەرێکی بنەڕەتی دەکات بۆ ئەوەی هەمان قەیران ساڵانە دووبارە نەبێتەوە.
داواکارییەکانی پزیشکان:
- دامەزراندنی پزیشکان بە میکانیزمێکی نوێ تاوەکو دەرچوونی یاسای هەموارکردنەوە.
- چالاککردنەوەی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی.
- وەزارەتی تەندروستی لە هاوئاهەنگیدابێت لەگەڵ نوێنەرانی پزیشکانی دانەمەزراو.
دەستەی نوێنەرایەتیی پزیشکان رایدەگەیێنن، ئەگەر دۆخەکە بگاتە قۆناخی مانگرتن، "بەرپرسیاریێتیی تەواوی هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو و مەترسییەک لەسەر ژیانی نەخۆشەکان، بەتەواوی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان."


