رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس لەبارەی دەستنیشانکردن و ناسینەوەی شووتیی باش و تەندروست بوو، شووتیفرۆشێک لەنێو بەرنامەکە بە خۆی و شووتییەکانییەوە بەشدارە و ئاشكرای دەکات، ئێستا شووتییە نێوخۆییەکان لەنێو بازاڕدا هەن و زۆرن. ئەو باسی ئەوەش دەکات کە ئەگەر بەشی خوارەوەی توێکڵی شووتی رەق بوو، مانای وایە دەرمانی پێدراوە بۆ گەورەبوونی و تامی نییە.
ئەحمەدی مام عەدۆ ئەو شووتی فرۆشەیە کە بەو شێوەیە ناسراوە پێش ئەوەی شووتی شەرت بکات، دەزانێت ناوەکەی چی تێدایە! چەندین شووتی لەنێو بەرنامەکە تاقیدەکاتەوە.
ئەگەر شووتی لەت کرا و سپیایی توێکڵەکەی زەردباو بوو، واتە دەرمانی خواردووە و ژەهراوییە
پسپۆڕێکی زانستە کشتوکاڵییەکان ئاشکرای دەکات، ئەگەر زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی جۆرێکی پەین بکرێت لە کێڵگەکانی شووتی ئەوا شووتییەکە ژەهراوی دەکات، بەمەش هۆکاردەبێت بۆ برینداربوونی گەدە.
موسلیم سلێمان، لێپرسراوی تاقیگەی کشتوکاڵی هەڵەبجە و پسپۆڕی زانستە کشتوکاڵییەکان میوانێکی بەرنامەکە بوو و گوتی: شووتی نابێت ناوەکەی سووری تۆخ بێت، بەڵکو پێویستە مەیلەو پەمەیی بێت و توێکڵی ناوەوەی شووتییەکەش نابێت زەردباو بێت، بەڵکو پێویستە سپی بێت.
موسلیم سلێمان باسی رەنگی شووتی دەکات و دەڵێت: ''پێویستە رەنگێکی تێر و ماتی هەبێت و نابێت کاڵ بێت''، هەروەها لەبارەی کێشی شووتییەوە گوتی، نابێت لە حەوت بۆ هەشت کیلۆگرام زیاتر بێت و ئەگەر کێشی زۆر بوو، بەڵام نیشانەی گەشەکردنی پێوە دیارنەبوو، ئەوا مانای وایە کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی پەینی کیمیایی کراوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا موسلیم سلێمان دەڵێت: ''زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی پەینی نایترۆجین لە کێڵگە شووتییەکاندا بکرێت، ئەوا لەنێو شووتییەکە مادەی ژەهراوی دروستدەبێت و ئەمەش دەبێتەهۆی 'سکچوون، رشانەوە و برینی گەدە' بەتایبەت لە منداڵانی خوار 10 ساڵان.
تەنانەت جەخت لەوەش دەکاتەوە، شووتی نابێت پەینی کیمیایی زۆری بۆ بەکاربێت کە زۆرجار بۆ گەورەبوونی قەبارەی شووتییەکە بەکاردەهێندرێن.
ناوکی شووتی پڕە لە پڕۆتین
مریەم جومعە، خۆراکناس لەنێو بەرنامەکە دەچێتە لای ئەو مێزەی کە بڕی دیاریکراوی شووتیی رۆژانەی تێدایە بۆ خواردن و دەڵێت: هەر کەسێکی تەندروست ئاساییە رۆژانە بڕی 150 بۆ 300 گرام شووتی بخوات.
ئەوەشی باس کرد، نابێت بە گەدەی بەتاڵەوە بخورێت و باشترە لەنێوان ژەمەکان یاخود دوای ژەمەکان بخورێت.
ناوکی شووتی کۆمەڵێک مادەی گرنگی تێداکە کە سوودی شووتی زیاتر دەکات (دەوڵەمەندە بە مادە کانزاییەکان، پێست بەهێز دەکات، پڕۆتینی تێدایە، ئاسنی زۆری تێدایە، چەوریی باشی تێدایە بۆ لێدانی دڵ و تەندروستیی دڵ لەگەڵیشیدا زینکی تێدایە کە یارمەتیدەرە لە زووچاکبوونەوەی برین)

