رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، پەڵەیەک زۆربەی کات لەسەر پشت یان سمتی منداڵ دەردەکەوێت و بە تێپەڕبوونی کات، وردە وردە کاڵ دەبێتەوە و بەگشتی پێش تەمەنی قوتابخانە نامێنێت.
د. هونەر جەمال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان باسی ئەو جۆرە پەڵەیە دەکات کە ناوی ''پەڵەی مەنگۆلییە'' و دەڵێت: هیچ پەیوەندییەکی بە مەنگۆلییەوە نییە، تەنانەت هیچ زیانێکی تەندروستی نییە و بەپێی تێپەڕینی کات کاڵ دەبێتەوە.
ئەو باسی چیرۆکێکی دەکات کە لە کلینیکەکەی بینیویەتی و منداڵێک ئەو دۆخەی هەبووە، دایک و باوکیشی نیگەرانبوون کە هۆکاری ئەو پەڵەیە بزانن. بەڵام د. هونەر دەڵێت، ''ئەمە پەڵەیەکی سکماکییە و بەهۆی کۆبوونەوەی خانە رەنگدارەکان لە چینێکی قووڵی پێستدا دروستدەبێت''.
ئەگەر لە خێزانێکدا یەکێک لە منداڵەکان ئەم پەڵەیەی هەبوو، ئەگەری زۆرە لە منداڵەکانی دیکەی خێزانەکەشدا هەبێت.
لەکۆتاییشدا گوتی: هەرچەندە ئەم پەڵەیە بێ زیانە، بەڵام پێویستە هەمیشە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی منداڵانەوە ببینرێت بۆ دڵنیابوونەوە و جیاکردنەوەی لە پەڵە یان کێشەی دیکەی پێست و خوێن.



