رووداو - تەندروستی
توێژەرانی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی بۆستن، دەرمانێکیان پەرەپێداوە کە خانە پەککەوتەکانی پێست دەکاتە ئامانج و پرۆسەی چاکبوونەوەی برین لە کەسانی بەتەمەندا خێرا دەکات.
لەگەڵ چوونە تەمەنەوە، هەندێک خانەی پێست لە گەشە دەوەستن بەڵام لەناو ناچن، ئەم خانانە مادەی زیانبەخش دەردەدەن کە دەبنە هۆی هەوکردنی درێژخایەن و خاوبوونەوەی پرۆسەی ساڕێژبوونەوەی برین.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، توێژەران مەرهەمێکیان بە ناوی (ABT-263) لەسەر مشک تاقیکردەوە، دەرکەوت کە دەرمانەکە خانە پیربووەکان لەناودەبات و میکانیزمی سروشتیی چاکبوونەوەی پێست چالاک دەکاتەوە.
گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە بریتی بوون لە:
- خێرایی لە ساڕێژبوون: دوای 24 رۆژ، 80%ـی ئەو مشکانەی چارەسەرەکەیان وەرگرتبوو، برینەکانیان بە تەواوی چاکبووەوە.
- زیادبوونی کۆلاجین: دەرمانەکە یارمەتی بەرهەمهێنانی کۆلاجین و دروستبوونی لوولەی خوێنی نوێی داوە.
- چالاککردنی سیستمی بەرگری: چارەسەرەکە هەوکردنێکی کاتی دروست دەکات، کە سیستمی بەرگریی جەستە هان دەدات بۆ خێراکردنی چاکبوونەوە.



