رووداو- تەندروستی
رێکخراوی منداڵپارێزانی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەڕین، لێکتێگەیشتنێکیان بۆ کردنەوەی بەشی منداڵانی نابەکام لە نەخۆشخانەی فێرکاریی منداڵان و منداڵبوون لە رانیە واژۆ کرد.
د. وەفا عوسمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی منداڵان و منداڵبوون لە رانیە رایگەیاند، کردنەوەی ئەم بەشە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەڤەرەکە، چونکە هەفتانە 200 بۆ 300 منداڵیان لەدایک دەبێت و بەشێک لەو منداڵانە پێویستیان بە چاودێریی تایبەت دەبێت.
بە گوتەی د. وەفا عوسمان، بەشەکە جێگەی 10 منداڵی نابەکامی تێدا دەبێتەوە و کردنەوەی ئەم بەشە وا دەکات ئەو منداڵانەی پێویستیان بە چاودێرییە، نەگوازرێنەوە بۆ سلێمانی و لە شارەکەی خۆیان چارەسەر وەربگرن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەی رانیە ئومێدی خواست ساڵی داهاتوو بەشەکە بکرێتەوە و بکەوێتە خزمەتی هاونیشتمانییان.



.png&w=3840&q=75)