رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نێوخۆیی لەنێو کۆنگرەی دڵ لە هەولێر ئەنجامەکانی ئاشکرا دەکرێت و دەردەکەوێت، لەو کەسانەی بەشداربوون زۆرینەیان ئەوانەبوون کە کەمخەو بوون و دڵەڕاوکێیان هەبووە.
هاوسەرۆکی رێکخراوی ئەنگەشە، کە ئەمجارە بەشدارییان لە دووەمین کۆنگرەی دڵ لە هەولێر کردووە و چەندین توێژینەوەیان دەرخستووە؛ ئەوان 10 بۆ 12 توێژینەوەیان پێشکێشکردووە و هەریەک لە توێژینەوەکانیش چەند پزیشکێک و خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکیی گشتی کردوویانە.
دکتۆر بەنان قاسم، پزیشکی پایەبڵند و خوێندکاری بۆرد بە رووداوی راگەیاند، لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا کە مێژووی 168 نەخۆشی جەڵتەی دڵ وەرگیران لە سەنتەری دڵ لە هەولێر، دەرکەوت 72٪ـیان کەمخەو بوون و 62٪ـی ئەوانەبوون کە خۆراکە خێراکان یاخود لەقوتوونراوەکانیان خواردووە، 52٪ـیان دڵەڕاوکێ و زووتووڕەبوونیان هەبووە.
گیرانی شاخوێنبەری دڵ لەنێو کەمخەوەکان زۆرە
دکتۆر زوحا عەبدولڕەحیم مەلازادە، پزیشکی گشتییە و یەکێکە لە توێژەرانی ئەو توێژینەوەی سەرەوە و دەڵێت: گیرانی شاخوێنبەری دڵ لەنێو هاونیشتمانییانی هەولێر بەهۆی (کەمخەوی، جگەرەکێشان، زۆرخواردنی فاستفوود و شیرینییەکان)ـەوە رەنگە تووشبووبن.
ئاماژەش بە تەمەنەکان دەدات و گوتی، هەرچەندە هەموو تەمەنێکی تێدا بووە، بەڵام زۆرینەیان لە 45 تاوەکو 55 ساڵی بوون.
بەهۆی نەبوونی پێداویستی و کەمیی تەختەوە بەشێکی نەخۆشەکان لە بەشی گونجاوی نەخۆشخانەکاندا ناخەوێندرێن
ژیار یاسین، خوێندکاری قۆناخی شەشەمی کۆلێژی پزیشکیی گشتیی زانکۆی هەولێری پزیشکی یەکێک بووە لە توێژەرانی توێژینەوەیەکی زانستی لەبارەی سیستی تەندروستیی دوو نەخۆشخانەی حکومیی هەولێر (نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رزگاری و نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا).
ئەو توێژینەوەیە ئەوەی دەرخستووە، وردیی خەواندن و مانەوە لەو بەشەی کە نەخۆش پێویست بووە لێی بمێنێتەوە و بخەوێندرێت لە هەردوو نەخۆشخانەکە نزیکەی 80٪ بووە کە ئاستی ستاندارد دەبێت نزیکەی 90٪ بێت.
ژیار یاسین روونی دەکاتەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەوەی کە نەخۆش لە بەشی گونجاوی نەخۆشاخانەکان نەخەوێندراوە، نەبوونی ئامێری پێویست و کەمیی تەخت بووە لە بەشەکانی زۆنی سوور (واتە ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن و پێویستە بە بەردەوام چاودێریی بکرێن و پاشان ئەگەر پێویست بکرێت، بنێردرێنە چاودێریی چڕ).
کۆنگرەی دڵ لە هەولێر لە رۆژانی 25 و 26ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و چەندین پسپۆڕی نێوخۆیی هاوتای نێودەوڵەتییەکان بەشداربن و نوێترین توێژینەوەکان دەخەنە بەر باس بۆ ئەوەی هەمووان ئەنجامەکان بزانن و نوێترین چارەسەری و پێشنیازەکان لەبارەی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بخەنە گەڕ.
سەرنجی سەرەکیی ئەم کۆنگرەیەی ئەم ساڵ لەسەر نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دڵە بەتایبەت پشکنینی پێشوەختە و باسکردنی نوێترین تەکنیکەکانی قەستەرە. لە جیهاندا نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانن و لە هەرێمی کوردستانیش ئەمە هەیە بەتایبەت قوربانییانی جەڵتەی دڵ کە ئێستا بەپێی ئامارەکان و قسەی پسپۆڕان، لەنێو گەنجاندا رێژەکە زیادی کردووە.
ئەمەش بزانە
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نەخۆشییەکان و جەڵتەی دڵ ساڵانە دەبنە هۆی 17 ملیۆن بۆ 20 ملیۆن گیانلەدەستدان لە جیهاندا، کە ئەمەش یەکسانە بە یەک مردن لەکۆی سێ مردن لە جیهاندا؛ سێیەکی ئەوانەی بەو نەخۆشییانە دەمرن، کەسانی خوار 70 ساڵان بوون و زۆرترین قوربانیش لە وڵاتانی کەمداهات و هەژارنشینەکانن.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، نزیکەی 27٪ بۆ 30٪ـی کۆی گشتیی مردنەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوەیە.


