رووداو - تەندروستی
مایۆکلینیک دەریدەخات، شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ئاستی جیهاندا.
مایۆکلینیک پزیشکی دەریخستووە، شێرپەنجەی مەمک کاتێک روودەدات کە خانەکانی ناو مەمک گۆڕانکاری (تێکچوون) لە DNAـکەیان رووبدات و بە شێوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو گەشە بکەن و گرێ دروست بکەن. هەرچەندە زۆرتر لە خانماندا باوە (بە تایبەت تەمەنی سەروو 50 ساڵ)، بەڵام پیاوانیش بەهۆی بوونی شانەی مەمک دەکرێت تووشی ببن.
شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدا رەنگە هیچ نیشانەیەک نەبێت، بەڵام لەگەڵ گەشەکردنیدا، ئەم نیشانانە دەردەکەون:
- بوونی گرێ یان ئەستووربوون لە مەمک یان ژێر باوەشدا
- گۆڕانکاری لە قەبارە، شێوە یان رووکەشی مەمکدا
- هاتنی شلە یان خوێن لە گۆی مەمکەوە
- گۆڕانکاری لە پێستی مەمکدا وەک چرچبوون، قڵیشان، یان دەرکەوتنی پێستێک هاوشێوەی توێکڵی پرتەقاڵ
- گۆڕانکاری لە رەنگی پێستی مەمکدا (سووربوونەوە، پەمەیی یان قاوەیی)
- گۆڕانکاری لە گۆی مەمکدا وەک کشانی گۆی مەمک بۆ ناوەوە، یان رووتانەوە و توێکڵکردنی پێستی گۆی مەمک
پزیشکانی مایۆکلینیک ئاماژە بەو هۆکارانە دەکەن کە مەترسیی تووشبوون زیاد دەکەن:
- تەمەن: مەترسیی تووشبوون لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات.
- مێژووی خێزانی: بوونی حاڵەتی تووشبوون لە کەسە نزیکەکانی خێزاندا.
- گۆڕانکارییە بۆماوەیەیی لە خانەکان.
- هۆرمۆنەکان و مێژووی زاوزێ: زووکەوتنە سووڕی مانگانە (پێش تەمەنی 12 ساڵی) یان دواکەوتنی تەمەنی وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە، هەروەها بەکارهێنانی حەبی هۆڕمۆنی.
- شێوازی ژیان: قەڵەوی، خواردنەوەی کحول و نەبوونی وەرزش.


