رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی ورد هۆشداری دەداتە ئەوانەی کە پزیشک پێیانی گوتووە، ''بە زووترین کات قەستەرە بکەن'' و دەڵێت: ئەگەر نەیکەن یاخود دوای بخەن رەنگە مەترسی بکەوێتە سەر ژیانیان، چونکە ئەوانە ئەگەری جەڵتەی دڵ، مردنی ماسوولکەکانی دڵ و مردنی کتوپڕیان زۆرە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-6-2026 د. سەرکەوت داود، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە لەکۆنگرەی دڵ لە هەولێر موژدە بە هاونیشتمانییان دەدات کە لەڕووی کواڵیتیی قەستەرەوە هیچ جیاوازییەک نییە بەراورد بەوانەی لەدەرەوەی وڵات دەکرێت و هەموو کارەکانی قەستەرە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێن.
د. سەرکەوت داود دەڵێت: پزیشک پێش هەموو بڕیارێک نەخۆش پۆڵین دەکات کە ئایا پێویستی بە قەستەرەی لەناکاو هەیە یاخود حاڵەتێکی ساردە و فریاکەوتن نییە. بۆیە ئەوانەی کتوپڕن و ئەگەری گیرانی خوێنبەریان هەیە لە ماوەیەکی کورتدا یاخود خوێنبەریان گیراوە پێیان دەگوترێت کە پێویستە بە زووترین کات قەستەرە بکەن.
قەستەرە چارەسەرە یاخود پشکنین؟
بەگوتەی ئەو پزیشکە، قەستەرە سەرەتا بۆ پشکنین بۆ نەخۆش دەکرێت، بەڵام ئەگەر گیرانی لوولەکانی خوێنی هەبێت ئەوا دەکرێت گیرانەکە بکرێتەوە بە شەبەکە و باڵۆن یاخود تەنیا باڵۆن. جاری واش هەیە کە ئەو گیرانە بە قەستەرە ناکرێتەوە و دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
کۆنگرەی دڵ لە هەولێر لە رۆژانی 25 و 26ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و چەندین پسپۆڕی نێوخۆیی هاوتای نێودەوڵەتییەکان بەشداربن و نوێترین توێژینەوەکان دەخەنە بەر باس بۆ ئەوەی هەمووان ئەنجامەکان بزانن و نوێترین چارەسەری و پێشنیازەکان لەبارەی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بخەنە گەڕ.
سەرنجی سەرەکیی ئەم کۆنگرەیەی ئەم ساڵ لەسەر نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دڵە بەتایبەت پشکنینی پێشوەختە و باسکردنی نوێترین تەکنیکەکانی قەستەرە. لە جیهاندا نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانن و لە هەرێمی کوردستانیش ئەمە هەیە بەتایبەت قوربانییانی جەڵتەی دڵ کە ئێستا بەپێی ئامارەکان و قسەی پسپۆڕان، لەنێو گەنجاندا رێژەکە زیادی کردووە.
ئەمەش بزانە
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نەخۆشییەکان و جەڵتەی دڵ ساڵانە دەبنە هۆی 17 ملیۆن بۆ 20 ملیۆن گیانلەدەستدان لە جیهاندا، کە ئەمەش یەکسانە بە یەک مردن لەکۆی سێ مردن لە جیهاندا؛ سێیەکی ئەوانەی بەو نەخۆشییانە دەمرن، کەسانی خوار 70 ساڵان بوون و زۆرترین قوربانیش لە وڵاتانی کەمداهات و هەژارنشینەکانن.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، نزیکەی 27٪ بۆ 30٪ـی کۆی گشتیی مردنەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوەیە.


.png&w=3840&q=75)
