رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی نەخۆشییەکانی خوێن لە منداڵان لە دهۆک ڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکاتەوە کە منداڵێکی نەخۆشیی تالاسیمیا دوای ئەوەی چارەسەری دەکات، دۆخی زۆر باشتر دەبێت و ئەویش بە چەپکەگوڵێک و باوەشێکی گەرم دەچێتەوە بۆلای.
د. ئومێد عەدنان بامەڕنێ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجەی منداڵان لە دهۆک سەرپەرشتیی دۆخی ئەو منداڵەکەی کردووە و بە رووداوی گوت، ئەو منداڵە تووشبووی تالاسیمیایەکی تووند بوو، چارەسەرێکی جیاوازمان هەڵبژارد و توانیمان بۆماوەی سێ ساڵ پێویستی بە خوێنوەرگرتن نەبێت و ئامادە بێت بۆ چاندنی مۆخ.
بەگوتەی د. ئومێد، ئەو دەرمانەی بەکاریان هێناوە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێرییەکی ورددا پێویستە بدرێت بە تووشبووی تالاسیمیا تاوەکو لە ئەگەری هەر کاریگەرییەکی لاوەکی، زوو کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەو دەرمانەش کە لە شێوەی حەبە، تووشبووی تالاسیمیا پێویستی بە خوێنوەرگرتن نابێت.
جا ئەو منداڵە چاندنی مۆخی بۆ کراوە و دواتر گەڕاوەتەوە کلینیکی د. ئومێد و وەکو سوپاسێک، چەپکەگوڵێکی بۆ بردووە و بە تووندیش لە ئامێزی دەگرێت.
د. ئومێد دەڵێت ''هەندێکجار جوانترین ساتەکانی پزیشک لە ژووری نەشتەرگەری یان بە ئەنجامی پشکنین نییە، بەڵکو ئەو رۆژەیە کە نەخۆشێک دوای گەشتێکی دوور و درێژ دەگەڕێتەوە ماڵەوە و بە تەندروستییەوە دەگەڕێتەوە لای پزیشکەکەی''.

.jpeg&w=3840&q=75)
