رووداو-تەندروستی
حاڵەتێکی نوێی ئەنفلەوەنزای باڵندەی جۆری کوشندەی H5 لە باڵندەیەکی دەریایی کۆچەر لە باشووری ئوسترالیا پشتڕاستکرایەوە، بەمەش ژمارەی حاڵەتەکانی هەڵگری ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا بۆ سێ حاڵەت بەرزبووەوە.
پیتەر مالینۆسکاس، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی باشووری ئوسترالیا رایگەیاند، باڵندەکە کە لە جۆری "جاینت پێترێل" بووە، رۆژی 14ی 6 لە کەناری نایتس لە پۆرت ئێلیەت دۆزراوەتەوە.
مالینۆسکاس، رایگەیاند دەسەڵاتداران ئاگادارکراونەتەوە و پشکنینیان بۆ باڵندەکە کردووە و رۆژی چوارشەممە ئەنجامەکەی بە پۆزەتیڤ گەڕاوەتەوە، حکومەت لەگەڵ ئەو خۆبەخشانە لە پەیوەندیدایە کە بەرکەوتنیان لەگەڵ باڵندەکەدا هەبووە و ئەگەری هەیە دەرمانی دژە ڤایرۆسی "تامیفلو"یان بۆ بنووسرێت.
هاوکات، گومان دەکرێت حاڵەتێکی چوارەمیش لە رۆژئاوای ئوسترالیا تۆمار کرابێت، دوای دۆزینەوەی باڵندەیەکی دیکەی لەوجۆرە بە مردوویی، هەفتەی رابردوو دوو حاڵەتی دیکە لە باڵندەی کۆچەر لە نزیک ئێسپێرانس لە رۆژئاوای ویلایەتەکە پشتڕاستکرانەوە.

.png&w=3840&q=75)

