رووداو – تەندروستی
کچێکی بەریتانی بەناوی "هۆلی"، دوای ئەوەی بەهۆی سەختیی نەخۆشیی ئەکزیماوە نزیک بوو لە مردن، بەشداریی لە تاقیکردنەوەی دەرمانێکی نوێدا کرد و ژیانی بۆ گەڕاوە.
هۆلی، کچێکی تەمەن 10 ساڵانە و تووشی جۆرێکی سەختی نەخۆشیی ئەکزیما بوو بەهۆیەوە تووشی هەوکردنی خوێن (گەنینی خوێن) هات و بۆماوەی 10 رۆژ لە نەخۆشخانە خەوێندرا. بەپێی قسەی دایکی، بەهۆی برینی پێستەوە کچەکەی نەیتوانیوە پێبکەنێت و دەستەکانی بکاتەوە، دایکەکە ناچار بووە هەموو شەوێک چەندین کاتژێر سەرقاڵی پێچانی برینەکانی بێت، دواتر هۆلی بۆ تاقیکردنەوەی دەرمانێکی نوێی بایۆلۆژی لە نەخۆشخانەی منداڵانی شەفیلد لە بەریتانیا وەرگیرا.
پڕۆفیسۆر د. مايك کۆرک، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە و دەرمانەکە رایگەیاند، دەرمانە نوێیە بایۆلۆژییەکان لە بنەڕەتەوە کێشەکە چارەسەر دەکات. دایک و باوکی هۆلیی پشتڕاستیان کردەوە، دەرمانەکە ژیانی کچەکەیان و خۆشیانی گۆڕیوە.
تاقیکردنەوەکە وەک پڕۆگرامێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی شەفیلد بەڕێوەچوو، چارەسەری بە دەرزیی دوو هەفتەیی بۆ منداڵان دابین دەکرد. هەرچەندە ناوی بازرگانیی دەرمانەکە هێشتا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پزیشکان وەک چارەسەرێکی نوێی بایۆلۆژی پۆلێنیان کردووە.
بە گوتەی نەخۆشخانەی شەفیلد دەڵێت: دەرمانە بایۆلۆژییەکان، بەپێچەوانەی دەرمانە ئاساییەکان تەنیا نیشانەکان کەم دەکەنەوە، راستەوخۆ کار لەسەر هۆکاری بنەڕەتیی نەخۆشییەکە لەناو جەستەدا دەکەن، کاریگەریی باش و زیانی لاوەکیی کەمیان هەیە.
بەپێی مایۆکلینیک، نەخۆشیی ئەکزیما، یەکێکە لە کێشە باوەکانی پێست کە ملیۆنان کەس لە جیهاندا گیرۆدەی بوون و پەیوەندیی بە تێکچوونی چینی پارێزەری پێست و هۆکاری بۆماوەییەوە هەیە.



