رووداو - تەندروستی
زانکۆی یێڵ دەریدەخات، ڤیتامین و دەرمانە بازرگانییەکان تەمەن درێژ ناکەنەوە، بەڵکو وەرزش و خۆراکی تەندروست تەنیا هۆکاری خاوکردنەوەی پیریی خانەکانن.
د. ئالبێرت هایگینز-چێن و توێژەران لە بەشی پزیشکیی دەروونی لە زانکۆی یەیل لە ئەمریکا دەریانخستووە، شیکارییان بۆ ئاماری 51 توێژینەوە کردووە و پشکنینیان بۆ سەتان DNA کردووە بۆ ئەوەی سەیری ئەوە بکەن کام خانەکانی جەستە بە گەنجی دەهێڵێتەوە و کامەیان پیری خێرا دەکات.
تویژینەوەکە دەریخستووە؛ ئەوەی بە راستی دەتوانێت تەمەنی بایۆلۆژیی خانەکان خاو بکاتەوە بریتییە لە؛
- پاراستنی خۆراکی هاوسەنگ پڕ لە سەوزە، میوە و چەورییە بەسوودەکان وەک زەیتی زەیتوون.
- ئەنجامدانی وەرزشی بەردەوام لە ژیانی رۆژانەدا.
- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و رێکخستنی کاتی خەو بۆ ئەوەی خانەکانی جەستە کاتی پێویستیان بۆ چاکبوونەوە هەبێت.
- پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست وەکو ئەمانەی خوارەوە
بە پێی WHO ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون



