رووداو - تەندروستی
دەرمانێک پێشتر بۆ چارەسەری شێرپەنجەی پەنکریاس بەکارهاتووە، دەکرێت هیوایەک بێت بۆ ئەو تووشبووانەی شێرپەنجەی سییەکان کە چارەسەرەکانی پێشوویان سوودی نەبووە.
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، دەرمانی داراکسۆنراسیب قەبارەی گرێ شێرپەنجەیییەکانی سییەکان کەم دەکاتەوە.
د. کاترین ئاربور، پسپۆڕی شێرپەنجەی سییەکان لە سەنتەری میمۆریال سڵوان کەترین لە نیویۆرک ئاشکرای کرد، تاقیکردنەوەی دەرمانی داراکسۆنراسیب لەسەر 136 تووشبووی شێرپەنجەی سییەکان ئەنجامدراوە کە چارەسەرە کیمیاییەکانی پێشوو سوودیان بۆیان نەبووە.
توێژینەوەکە دەریخستووە، زیاتر لە 30٪ی نەخۆشەکاندا قەبارەی گرێ شێرپەنجەیییەکان بچووک بوونەوە. لەو گرووپە 38 کەس ژەمی مامناوەندیان وەرگرتووە، رێژەی بچووکبوونەوە گەیشتە 42٪ و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی گەیشتە 89٪.
ئایا ئەم چارەسەرە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت؟
مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی چارەسەرەکە ئەوەیە کە پشکنینی بۆماوەیی دەریبخات، نەخۆشەکە ئەگەری بازدانی لە جینی RAS هەیە. هەرێمی لە کوردستان و عێراق، ئەم پشکنینە دەگمەنە و زۆرجار پزیشکان ناچار دەبن نموونەی شانەی نەخۆش بۆ تاقیگەکانی دەرەوەی وڵات بنێرن. بۆیە، ئەنجامدانی پشکنینە بۆماوەییەکە هەنگاوی یەکەم و کلیلی سەرەکییە پێش بیرکردنەوە لە خودی دەرمانەکە.



