رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی زانکۆی ئێران رایدەگەیێنێت، مەترسیی نەزۆکبوون یاخود کەمبوونەوەی زیاتری ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە زیاد بوونە.
د. فەهیمە رەنجبەر، یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ئێران دەڵێت: زیادکردنی مۆڵەتی دایکایەتی لە شەش مانگەوە بۆ نۆ مانگ و کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کارکردن بۆ ئەو دایکانەی منداڵی بچووکیان هەیە هاندەری نایابن بۆ زیادبوونی خەڵک و منداڵبوون.
هەرچەندە ئەو پسپۆڕە باسی ئەوەش دەکات کە لە ئێران خواست لەسەر منداڵبوون فرەڕەهەندە و دەکرێت 50 هۆکار هەبن بۆ کەمبوونەوەی رێژەی منداڵبوون کە بەشێکیان دەچنە بواری کولتوور، پەروەردە و شێوازی ژیانە.
ئەو ئەوەشی گوت کە کۆمەڵگەی ئێران ساڵانێکی زۆر لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی کۆنتڕۆڵکردنی دانیشتوواندا بووە و گۆڕینی ئەم بیرکردنەوەیە، پێویستی بە پڕۆسەیەکی پلەبەندی، بەردەوام و ئامانجدارهەیە.
نەشیشاردەوە کە دواخستنی منداڵبوون، بەتایبەتی لەنێو ژنانی خوێندەواردا، بووەتە رەوتێکی نیگەرانکەر. بەپێی توێژینەوەکان، زۆرێک لە ژنان پێیان باشە یەکەم منداڵیان دوای تەمەنی 30 ساڵی و لە هەندێک حاڵەتدا دوای 35 ساڵی بهێننە دنیا؛ پرسێک کە دەتوانێت مەترسیی نەزۆکی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
بەپێی دواین ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ئاستی منداڵبوون، رێژەی گشتیی منداڵبوون (کۆی رێژەی منداڵ بۆ هەر ژنێک) لە ئێراندا بە نزیکەیی 1.6 بۆ 1.7 منداڵ دیاریکراوە، ئەم رێژەیە لە خوار هێڵی پڕکردنەوەی دانیشتووانە کە 2.1 منداڵە). ئەمەش وایکردووە رێژەی لەدایکبوون لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو روولە دابەزین بێت و نیگەرانی لەسەر داڕمانی دانیشتووان دروستبکات.



