رووداو - تەندروستی
رێناس بابەکر، مامۆستای زانکۆی راپەڕین، دوو بەرهەمی نوێی لەبارەی ئۆتیزمەوە بڵاو کردەوە کە یەکێکیان کتێب و ئەوی دیکەیان دەفتەری پلانداڕشتنە و ئامانج لێیان پێشکێشکردنی رێگەیەکی کردارییە بۆ یارمەتیدانی خێزان و پسپۆڕان تاوەکو بتوانن باشتر مامەڵە لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزمدا بکەن.
بەرهەمی یەکەم کتێبێکە بە ناوی "ئۆتیزم لە دەستنیشانکردنەوە بۆ پلانی رێگەچارەسەر و راهێنان"، ئەم کتێبە وەک رێبەرێک هەنگاو بە هەنگاو چۆنیەتیی دەستنیشانکردنی ئۆتیزم و دانانی پلانی چارەسەر بۆ منداڵەکە روون دەکاتەوە.
بەرهەمی دووەمیش دەفتەرێکی تایبەتە بە پلانی رۆژانە و مانگانەیە، کە یارمەتیی دایکان و باوکان دەدات کات و چالاکییەکانی منداڵەکانیان رێکبخەن و بە شێوەیەکی زانستی چاودێریی گەشەیان بکەن.
رێناس بابەکر، مامۆستای پەروەردەی تایبەت و نووسەری هەردوو بەرهەمەکە گوتی "مەبەستم ئەوە بووە کە خوێنەر تەنیا زانیاریی تیۆری وەرنەگرێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا بزانێت چۆن بە کرداری کار لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزمدا بکات''.
ئەو مامۆستایە لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ئێستا کێشەی مامەڵەکردنی دروست هەیە لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزم و بۆ چارەسەری ئەم کێشەیەش، هۆشیارکردنەوە و پێدانی رێنوێنی بە دایک و باوکانی منداڵی ئۆتیزم گرنگە.
بەپێی سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، لە ساڵی 2008 لە هەرێمی کوردستان لەکۆی 150 منداڵ یەکێکیان ئۆتیزم بووە، بەڵام ئێستا لە 90 منداڵ یەکێکیان ئۆتیزمە.
نیشانەکانی ئۆتیزم لە منداڵی 1-2 ساڵی
وەڵامی بانگکردن ناداتەوە
سەیری کەسی بەرامبەر ناکات
خەندەی نییە
زووهەڵچوون و تووڕەبوون
رەفتاری دووبارە
نیشانەکانی ئۆتیزم لە منداڵی سەروو 2 ساڵان
قسە و وشەی دووبارەی
جووڵەی دووبارە
کێشە لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
یارینەکردن لەگەڵ منداڵی دیکە
هەستیاربوون بە رووناکی و دەنگ
هەستیاربوون بە دەستلێدان
نەبوونی پەیوەندی چاو
حەزکردن لە تەنیایی
سەرنجنەدان

