رووداو - تەندروستی
بەریتانیا دەست بە تاقیکردنەوەی گەورەترین پشکنینی هەناسە دەکات بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی پەنکریاس.
شێرپەنجەی پەنکریاس یەکێکە لە کوشندەترین جۆرەکانی شێرپەنجە، چونکە لە 80٪ی حاڵەتەکاندا نیشانەکانی ناڕوونن و درەنگ دەستنیشان دەکرێت، بەڵام ئێستا پزیشکان لە بریتانیا تەکنەلۆژیایەکی نوێیان دۆزیوەتەوە لەڕێگەی تەنیا فووکردن و پشکنینی هەناسەوە دەتوانێت ژیانی هەزاران کەس رزگار بکات.
توێژەران لە زانکۆ و ناوەندە تەندروستییەکانی بەریتانیا لەوانەش ئینگلتەرا، وێڵز و سکۆتلەند، پشکنینێکی نوێی هەناسە بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پەنکریاس پەرەپێدەدەن. پشکنینەکە لەڕێگەی دۆزینەوەی مادەی کیمیایی تایبەت لە هەناسەدا، نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە ئاشکرا دەکات.
پڕۆفیسۆر جۆرج هانا، سەرپەرشتی پڕۆژەیەکی نوێی پشکنینی شێرپەنجەی پەنکریاس دەکات لەلایەن رێکخراوی شێرپەنجەی پەنکریاس لە بەریتانیاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت. بەگوێرەی رێکخراوەکە، ئەمە گرنگترین هەنگاوە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا. دوای سەرکەوتنی قۆناخی یەکەم لەسەر 700 نەخۆش، ئێستا پشکنینەکە لەسەر 6000 کەسی دیکە لە نزیکەی 40 ناوەند لە بەریتانیا تاقی دەکرێتەوە و ئەنجامەکەی لە ماوەی سێ رۆژدا ئامادە دەبێت.
تەندروستیی بەریتانیا دەڵێت: بۆ پاراستنی تەندروستیی پەنکریاس پێویستە لە کاتی هەستکردن بە نیشانە نەخوازراوەکان وەک (ئازاری بەردەوامی پشت، هەرس نەکردنی خۆراک هەمیشەیی، یان دابەزینی کێشی لەش بەبێ هۆکار) سەردانی پزیشک بکرێت. هەروەها، وازهێنان لە جگەرەکێشان، کەمکردنەوەی کێشی زیادە و پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەنکریاس کەمدەکاتەوە.


