رووداو - تەندروستی
لە رێوڕەسمی بەخشینی بەرزترین خەڵاتی رێزلێنانی ئەڵمانیا بە داهێنەرانی ڤاکسینی بایۆنتیک لە ساڵی 2021، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەوکاتی ئەڵمانیا، بە جووڵەیەک رێزی بێپایانی خۆی بۆ زانست و زانایان نیشاندا و ئامادەنەبوو پێش پڕۆفیسۆر د. ئوگور شاهین و د. ئۆزلەم تورەچی بکەوێت.
لەو مەراسیمەدا کە لە کۆشکی بێلڤیو لە بەرلین بۆ بەخشینی خەڵاتی "خاچی شایستەیی فیدراڵی" بەڕێوەچوو، مێرکڵ راوێژکاری ئەوکاتی ئەڵمانیا لەدوای هەردوو زاناکەوە رۆشت، ئەمەش وەک رێزێک بۆ ئەو هەوڵە بێوێنەیەی کە لەپێناو رزگارکردنی ژیانی ملیۆنان مرۆڤدا دایان.
ئەنگێلا مێرکڵ، لە گوتارێکدا ستایشی هەوڵەکانی کردن و وەک "پاڵەوانی جیهان" وەسفی کردن، بەڵام جووڵەکەی لەکاتی رۆیشتندا، زیاتر لە گوتارەکەی دەنگی دایەوە و وەک نموونەیەک لە پێشخستنی زانست بەسەر پرۆتۆکۆلی سیاسییدا لە مێژوودا مایەوە.
پرۆفیسۆر د. ئوگور شاهین و د. ئۆزلەم تورەچی، داهێنەرانی ڤاکسینی کۆرۆنای کۆمپانیای بایۆنتیکن.


