رووداو - رووسیا
رووسیا لە پەرەپێدانی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا چووەتە قۆناخێکی نوێوە و ڤاکسینەکەی لەسەر مرۆڤ تاقیکردەوە، پزیشکانی ئەو وڵاتە دەڵێن، تائێستا هیچ گرفتێک دروستنەبووە و تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە سەرکەوتوو بووە.
لە نەخۆشخانەی بوردێنکۆی، وەزارەتی بەرگریی رووسیا ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنای لەسەر 18 کەسی تەندروست تاقیکردەوە، دوای لێدانی ڤاکسینەکە و پشکنینیان، تاوەکو ئێستا هیچ گرفتێک لەسەر تەندروستییان دروستنەبووە، بەڵام پزیشکان بەردەوامن لە چاودێریکردنی دۆخی تەندروستیی خۆبەخشەکان.
سڤێلانە ڤۆڵچیخینە کە یەکێک بوو لەو پەرستارانەی ڤاکسینی دژی کۆرۆنای لەسەر خۆبەخشەکان بەکارهێناوە، دەڵێ "دوای ئەوەی ڤاکسینەکەمان لە هەموو ئەو خۆبەخشانە دا، نیو کاژێر دواتر پزیشکەکان پشکنینیان بۆ هەریەک لەو خۆبەخشانە کرد، سەرجەمیان لە دۆخێکی زۆر باشدان".
یەکێک لە خۆبەخشەکان کە ناوی کیریڵە، دەربارەی ئەوەی کە دوای لێدانی ڤاکسینەکە هەست بە چی دەکات، گوتی "ئەوەندەی بتوانین ئامادەین بۆ یارمەتیدان، داوا لە خۆبەخشان دەکەم یارمەتی پێشکەش بکەن، ڤاکسینەکە وەکو دەرزییەکی ئاسایی وایە و هیچ شتێکی نائاساییم تاوەکو ئێستا بەدینەکردووە".
رووسیا دەرمانی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆناشی بە ناوی "ئاڤیفاڤیر" تاقیکردووەتەوە، ئێستا لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە دەدرێتە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەکو چارەسەری سەرەکی لە وڵاتەکە بەکاردەهێنرێت.


