رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بە جێگیری هێشتەوە، بەڵام ئاماژەیەکی روونی لەبارەی هەنگاوی داهاتووی بانکەکە نەخستەڕوو. ئەوەش وەبەرهێنەرانی لە نادڵنیاییدا هێشتەوە سەبارەت بە ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی پێش کۆتایی ئەم ساڵ.
نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رێژەی 0.7% دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 4040 دۆلار.
لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە دەنگی 10 ئەندام بەرامبەر 2 ئەندام، بڕیاریدا رێژەی سوودی بانکی بەبێ گۆڕانکاری بهێڵێتەوە، کە بڕیارێک بوو بازاڕەکان پێشوەختە چاوەڕوانیان دەکرد. سەرەڕای ئەوەش، کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی رایگەیاند، دەکرێت بانکەکە لە پاییزی ساڵی داهاتووەوە ژمارەی کۆبوونەوەکانی دیاریکردنی سیاسەتی نەختی لە 8 کۆبوونەوەوە بۆ 6 کۆبوونەوەی ساڵانە کەم بکاتەوە.
بازرگانان هێشتا پێشبینی دەکەن لە مانگی کانوونی یەکەمدا رێژەی سوود بەرزبکرێتەوە، بەو پێیەی بەردەوامیی بەرزیی نرخی وزە هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان ئاڵۆز کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوی وەبەرهێنەران لەسەر بڵاوبوونەوەی پێنوێنیی خەرجییەکانی بەکاربردنی تاکەکەسییە (PCE) بۆ مانگی ئەیلوول، کە پێوەرە پەسندکراوەکەی بانکی ناوەندییە بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵاوسان، تاوەکو ئاماژەی زیاتریان لەبارەی ئاراستەی داهاتووی سوودی بانکی دەستبکەوێت.
هاوکات زێڕ لەژێر گوشاری داڕمانی پشکەکانی کەرتی تەکنەلۆژیادایە. پاشەکشەی هەفتەی رابردووی پشکەکانی ژیریی دەستکرد بەشێک لە وەبەرهێنەرانی ناچار کرد زێڕ بفرۆشن تاوەکو زیانەکانیان لە شوێنەکانی دیکە قەرەبوو بکەنەوە، ئەمەش وایکرد زێڕ بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی تەممووزەوە داببەزێت. زێڕ لەم مانگەدا بە رێژەی 2.5% دابەزیوە و بەرەو تۆمارکردنی دووەم زیانی مانگانەی لەسەریەک هەنگاو دەنێت.
سەرەڕای ئەمەش، کڕینی بەردەوامی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە وەک پاڵپشتێکی درێژخایەن ماوەتەوە. بانکی گۆڵدمان ساکس دەڵێت بانکە ناوەندییەکان لە مانگی ئابدا 79 تۆن زێڕیان کڕیوە، کە نزیکەی پێنج هێندەی تێکڕای مانگانەی پێش ساڵی 2022ـە، و پشکی چین تێیدا 25 تۆن بووە. (ڕیک کاندا)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (The Gold Bullion Company) ئاماژەی بەوە کرد، ئەم خواستە بەردەوامەی بانکە ناوەندییەکان دەتوانێت لە درێژخایەندا ببێتە بنەمایەک بۆ بەهێزی پاراستنی نرخەکان لە بەردەم دابەزینی زیاتردا.



.jpg&w=3840&q=75)
